ئایدن مەعرووف: بەبێ بەشداریی پارتی، هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان سەرناگرێت

19-03-2024
هیدایەت جان
ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان. وێنە: رووداو
ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان هەڵوێستی پارتی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە "هەڵوێستێکی لەجێ" ستایش دەکات و دەڵێت، "بەبێ بەشداریی پارتی، هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەناچێت، ئەگەریش بەڕێوەچوو، سەرکەوتوو نابێت."
 
رۆژی دووشەممە 18ی ئاداری 2024 ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، لە بوولتەنی هەشتی تۆڕی میدیایی رووداو کە شاهۆ ئەمین پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "ئەو بڕیارەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشانی دەدات گرفتی جیددیی هەیە لەسەر رەوشی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی حیزبێکی گەورەیە و لەو باوەڕەدا نیم بەبێ پارتی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت."
 
ئایدن مەعرووف دەڵێت، "ئەگەر بەبێ پارتی هەڵبژاردنیش بکرێت، ئەو هەڵبژاردنە سەرناگرێت و سەرکەوتوو نابێت، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان یەکهەڵوێست بن و رێککەوتن لەنێوانیان هەبێت بۆ پرسی هەڵبژاردن، کە پرسێکی نیشتمانییە."
 
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان پێیوایە، "بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدڕاڵی لەبارەی نەهێشتنی کورسی کۆتای پەرلەمانی کوردستان و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سەرجەمیان سیاسی بوون و بۆ لێدانن لە پێگەی سیاسی هەرێمی کوردستان."
 
بە گوتەی ئایدن مەعرووف، "پارتی لە کاتێکی گونجاودا هەڵوێستی خۆی دەربڕی و لەو بڕوایەدا نیم بەبێ پارتی هەڵبژاردنی پەرلەمان لەکاتی خۆیدا بکرێت، بۆیە ئێستا هەڵوێستی سەرۆککۆماری عێراق، کە پارێزەری دەستوورە، گرنگە؛ بۆئەوەی پێداچوونەوە بە بڕیارە سیاسییەکانی دادگای فیدراڵدا بکرێت و ئەوەش کارئاسانی دەکات بۆئەوەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی باشتر لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت."
 
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رۆژی دووشەممە 18-03-2024 رایگەیاند، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیارێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین."
 
لەبارەی پرسی دابەشنەکردنی مووچەی فەرمانبەران لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان گوتی، "سەرجەم لایەنەکان لەگەڵ ئەوەدان مووچە لە کاتی خۆیدا دابەشبکرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە لە بەغداوە نەنێردراوە، سەرۆکوەزیران بە راوێژ لەگەڵ سەرجەم وەزیرەکان بڕیاریدا ئەو بڕە پارەیەی بۆ مووچە هاتووە دەستی لێنەدرێت تاوەکو ئەوکاتەی مووچەی پێشمەرگە دەنێردرێت و سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەیەکەوە مووچە وەربگرن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."