ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان: دۆخی دەریاچەی زرێبار خراپە
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان دۆخی دەریاچەی زرێبار بە خراپ ناودەبات و دەڵێت، رێکاری بەپەلەی پێویستە. زبڵ یەکێکە لە کێشەکانی زرێبار و ئەندامانی ئەو ئەنجوومەنە دوو رۆژ خەریکی لابردنی بوون.
بە گوێرەی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان، "دۆخی خراپی زرێبار ویست، رێکار و فریاکەوتنێکی بەپەلە دەخوازێت" و هیوادارە لایەنە پەیوەندیدارەکان رێکاری پێویست و ئەرێنی و بەپەلە بۆ رێگەگرتن لە لەنێوچوونی ئەو "سەرچاوە بەبایەخە" بگرنەبەر.
ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان باس لەوە دەکات، "نەبوونی جێگەی زبڵ و پاشماوە لە شوێنی گەشتیاری و نەبوونی خزمەتی پێویست لە لایەن دامودەزگە پەیوەندیدارەکانەوە کێشەکانی زرێباری زیاتر کردووە."
ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان باس لەوە دەکات، وەک نەریتی هەموو ساڵ، لەگەڵ نزیکبوونەوە لە نەورۆز، دەریاچەی زرێبار خاوێن دەکەنەوە و ئەمساڵیش دوو رۆژیان تەرخان کرد و زبڵ و خاشاکی دەریاچەی زرێباریان لابرد.
لە ڤیدیۆیەکدا کە ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان رۆژی 17-03-2024 بڵاوی کردووەتەوە، دەیان کەس لە ئەندامانی ئەو ئەنجوومەنە لە هەڵمەتی خاوێنکردنەوەی دەوروبەری دەریاچەی زرێبار و نێو دەریاچەکەشدا بەشدارییان کردووە.
ئەنجوومەنەکە دەڵێت، چالاکڤانانی ئەو رێکخراوەیە لە دوو بەرنامەی جیاوازدا رۆژانی پێنجشەممە و شەممە رێککەوتی 14 و 16ـی ئاداری 2024 ئەو هەڵمەتەیان ئەنجام داوە.
دەریاچەی زرێباری مەریوان یەکێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئیکۆسیستمێکی ناوازەی هەیە، بەڵام ئەو ئیکۆسیستمە پێویستی بە پاراستن هەیە.
دەریاچەی زرێبار بەهۆی وشکەساڵی، کشتوکاڵی دەوروبەری دەریاچەکە، کەمبوونەوەی سەرچاوەی ئاو، سووتانی قامیشەڵانەکان و بەگوتەی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان، ئیدارەدانی خراپی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانیشەوە مەترسی لەنێوچوونی لەسەرە.