10 حیزب و لایەنی کریستیان: پشتگیری لە هەڵوێستەکەی پارتی دەکەین

رووداو دیجیتاڵ
 
10 لایەنی کلدان و ئاشووری، سریان و ئەرمەن پاڵپشتی خۆیان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دەربڕی، کە بڕیاری بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی داوە.
 
رۆژی دووشەممە 18ـی مارسی 2024، کریستییانەکان کە لە 10 حیزب و لایەن پێکهاتوون، رایانگەیاند، "وەك نوێنەرانی كریستیانەكان لە كلدان و ئاشووری و سریان و ئەرمەن لە هاوپەیمانی حەموورابی و هاوپەیمانی یەكێتی نەتەوەیی و دەستەی باڵای سیاسی كلدانی، بە چاوی رێزەوە لە بەیاننامەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڕوانین و پشتیگری لە بڕیاری بایكۆتی هەڵبژاردن دەكەین، كە لە ژێر واقعێكی نادەستووری و نایاسایی و سیستمێكی نادادپەروەرانەی سەپێنراو ئەگەری بەڕێوەچوونی هەیە".
 
ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەربڕی و رایگەیاند، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین.''  
 
وەکو لە راگەیەنراوی کریستیانەکاندا ئاماژەی پێدراوە، "بڕیاری كریستیانەكان و توركمان و دواتر بڕیاری یەكلاكەرەوەی پارتی دیموكراتی كردستان، وەك یەكەمین و گەورەترین هێزی جەماوەری و سیاسی كوردستان، هەنگاوێكی چارەنووسسازە لە پێناو پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان، پاراستنی بنەماكانی دیموكراسی، دەستوور، جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و سروشتی فیدراڵی عێراقە".
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "سوپاسی جەنابی سەرۆك، كاك مەسعود بارزانی دەكەین، جارێكی دیکە ئەوەیان سەلماند جەنابیان لە گشت قۆناخە ئەستەم و چارەنووسسازەكان یەكەمین و بەهێزترین داكۆكیکاری راستەقینەن لە بەهاكانی دیموكراسی و پێكەوەژیان و قەوارەی فیدراڵی و دەستووری كوردستان و عێراق".
 
ئەو 10 لایەنەی كریستیانەكان دووپات لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی دادپەروەرانە لە هەرێمی كوردستان دەكەنەوە و دەڵێن، "جەخت لە  هەڵبژاردنێک دەکەینەوە لەسەر بنەمای رێزگرتن لە دامەزراوە یاسایی و دەستووری و دادوەرییەكانی هەرێمی كوردستان و لەژێر یاسایەكی كوردستانی و بە رێكخستنی كۆمسیۆنێكی بێلایەنی كوردستانی، بەبێ دەستێوەردانی دەرەكی، كە هەڵبژاردنێكی كوردستانی بێت و بۆ گشت كوردستانییەكان بێت، بە یاسایەكی كوردستان نەك یاسایەكی سەپێندراوی هاوردەكراوی دەرەكی".
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا جارێکی دیکە پشتگیری لە بەیاننامەی پارتی کراوە و دەڵێت، "پشتگیری لە هەموو هەنگاوێک دەکەین لە پێناو پاراستنی دیموكراسی و بێلایەنی دامەزراوەكانی یاسایی و پاراستنی دەستووری عێراقی فیدراڵە و دژی هەر بڕیارێك دەوەستینەوە كە دەبێتە ئەگەری تێكدانی سیستمی فیدراڵی و دیموكراسی عێراق" و وەکو ئاماژەشی پێدراوە، "ئەمەی ئەمڕۆ وەك واقیع و دەستوور بەرقەرارە، بەرهەمی خوێنی پیرۆزی سەدان هەزار شەهیدی سەربەرزی ئەم نیشتمانەیە.
 
لەژێر راگەیێندراوەکەدا ناوی حیزبی ئەنجوومەنی نەتەوەیی كلدان، حیزبی بزووتنەوەی گردبوونەوەی سریان، لیژنەی ئیدارەی تائیفەی ئەرمەن، رەوتی شلاما بۆ كاروباری كریستیانەكان " كلدان، سریان، ئاشووری و ئەرمەن"، حیزبی یەكێتی دیموكراتی كلدان، هاوبەندی جیهانی كلدان، كۆمەڵەی ئەرمەن، هاوپەیمانیی حەمورابی – عێراق، هاوپەیمانیی یەكێتی نەتەوەیی - هەرێمی كوردستان و دەستەی باڵای سیاسی كلدانی هاتووە.
 
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە، 18-3-2024) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین.''  
 
راگەیێندراوەکە لە شەش خاڵ پێکهاتووە و و مەکتەبی سیاسیی پارتی تێیاندا روونیکردووەتەوە بۆچی ئەو بڕیارەیان داوە، کە لەبەشێکیدا دەڵێ، "بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، درێژەی ئەو زنجیرە بڕیارە نادەستووریانەیە کە لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەرامبەر هەرێمی کوردستان دراون و پێشێلكارییەکی زەق و مەترسیداری دەستوورە بۆ لەباربردنی سیستەمی دیموكراسیی هەرێمی کوردستان."
 
پارتی دیموکراتی کوردستان، کە لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە لیستی 183 بەشدار بوو، بە دەنگی زیاتر لە 688 هەزار دەنگدەر 45 کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنا و بە جیاوازییەکی زۆر یەکەم بوو، لەدوای ئەویشەوە یەکێتی بوو کە 21 کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنابوو.