رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دوو رووداوی هاتووچۆدا کەسێک گیانی لەدەستدا و نۆ کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی دووشەممە، 18ـی ئاداری 2024، موحسین وەیسی، بەڕێوەبەری فریاکەوتی ئیلام رایگەیاند: "لە سێڕیانی چەشمابادی شاری مێهران ئۆتۆمبێلێکی جۆری سەمەند وەرگەڕا و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا".
موحسین وەیسی دەڵێت: "لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا چوار سەرنشین هەبوون کە یەک لە سەرنشینەکان لە جامی ئۆتۆمبێلەکەوە دەرچووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە".
بەڕێوەبەری فریاکەوتنی ئیلام دەشڵێت: "شۆفێرەکە و سێ سەرنشینی دیکە رەوانەی نەخۆشخانەی گشتی ئیلام کراون و تەندروستی یەک لە بریندارەکانیش ناجێگیرە".
هاوکات، لە رێگەی نێوان دێلوڕان – ئیلام ئۆتۆمبێلێکی دیکە کەوتووەتە نێو هەڵدێرێک و بەهۆیەوە سەرجەم سەرنشینەکانی بریندار بوون.
موحسین وەیسی دەڵێت: "ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری نیسان کویکە و بەهۆی لادان لە رێگەکە، کەوتووەتە نێو هەڵدێرێکەوە و پێنج کەسی تێدابووە و سەرجەمیان بریندار بوون".
لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ماوەی چوار رۆژە پشووی نەورۆز دەستیپێکردووە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی رێگەوبانی ئێران دەڵێت، لە سێ رۆژی سەرەتای پشووی نەورۆزە 110 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
ئەو بەڕێوەبەرایەتییە باسی لەوە کردووە، کە زۆرینەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە تەمەنیان لە خوار 30 ساڵە و هۆکاری سەرەکی زۆربەی رووداوەکانیش ماندوویێتی و کەمخەوی شۆفێرەکان بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ