لایەنە عەرەبییەکانی کەرکووک سوورن لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگار
رووداو - کەرکووک
بوونی رای جیاواز و ناکۆکیی لایەنە عەرەبییەکانی کەرکووک، کە خاوەن کورسین لە ئەنجوومەنی پارێزگا؛ خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادەی ناچار کرد بچێتە کەرکووک.
شەوی رابردوو خەمیس خەنجەر لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی عەرەب کۆبووەوە. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە رایگەیاندووە، "لەم هەفتەیەدا لایەنەکان جارێکی دیکە لەگەڵ سوودانی کۆدەبنەوە و لەناو مانگی رەمەزاندا دەگەنە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی ئیدارەیەکی نوێ."
بەرپرسانی عەرەب بڕوایان وایە، بوونی رای جیاواز لەنێو ماڵی عەرەبی بە واتای ناکۆکی نییە و ئەوان پێداگرن لەسەر داواکارییەکانیان کە پۆستی پارێزگار لەدەستیان بمێنێتەوە لە دوو ساڵی یەکەم.
عەزام حەمدانی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەزم لە کەرکووک دەڵێت، "شاراوە نییە ئەو سەردانە بۆ یەکخستنی بڕیاری عەرەبییە لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک. بڕیاری عەرەبی لەلایەن براوەکانی هەڵبژاردن نوێنەرایەتی دەکرێت، هەریەکەیان سەر بە کوتلە و لایەنێکی سیاسیی جیاوازن، کە رەنگە بۆچوونی جیاواز هەبووبێت. بڕوام وایە ئەوە ئامانجی سەردانەکەیە تاوەکو عەرەب خاوەن یەک بڕیار بێت و دانوستاندن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە بکرێت، بە چاودێریی بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی. وەکو گوتم، تەنیا یەکخستنی بۆچوونەکان و گوتار و قسەیە لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک."
رووداو زانیویەتی، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا کە مۆڵەتی سوودانی بوو بۆ لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن، جگە لە چەند دیدار و پەیوەندییەک تائێستا رێککەوتن و لێکنزیکبوونەوەیەک رووی نەداوە. بەپێی سەرچاوەیەک بۆ رووداو، ئەگەری وەرگرتنی دوو ساڵ بە دوو ساڵی پۆستی پارێزگار لەنێوان کورد و عەرەب لە هەموو سیناریۆکانی دیکە بەهێزترە.
یەکێتی بە جیا لەگەڵ چەند ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگا لە لایەنەکانی دیکە قسەی کردووە، بەتایبەت ئەو ئەندامە عەرەبانەی لە حەلبووسییەوە نزیکن.
عەلی قەڵایی، لێپرسراوی سەنتەری هەڵبژاردنی کەرکووک - سەڵاحەدینی یەکێتی گوتی، "هەندێک کۆبوونەوەی لاوەکی کراون، لایەنی کوردی کردوویەتی، بەڵام تائێستا گەڵاڵە نەبووە و دەرئەنجامی باشی نەبووە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرنامەکەی وابووە، هاوبەشی سەرجەم لایەنەکان هەبێت، پۆستی پارێزگار بۆ کورد بێت و لەنێو کوردیش بۆ یەکێتی بێت."
تائێستا کورد پێداگرە لە وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگا، بۆ ئەمەش هێشتا پارتی و یەکێتی ناکۆکن لەسەر میکانیزمێک بۆ دیاریکردنی کەسێک.
نەبوونی کۆدەنگیی کوردی - کوردی لەلایەک و رێکنەکەوتنی کورد - عەرەب و تورکمان لەلایەکی دیکە بۆ چۆنێتی پێکهێنانی ئیدارەی نوێی کەرکووک، هەلێکی لەباری بۆ راکان جبووری رەخساندووە تاوەکو درێژە بە ئیدارە کاتییەکەی بدات؛ بەمشێوەیەش پێکهاتەی عەرەبی کە لەکۆی 16 کورسی تەنیا شەش کورسییان هەیە، دیسانیش حوکمڕان و دەمڕاستی یەکەمی کەرکووک بن.