کەشناسی: پلەی گەرما نزم دەبێتەوە و نمەباران دەبارێت

رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ ئاسمان بەتەواوی هەور دایدەگرێت، لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان نمەباران دەبارێت. سبەی ئاسمان بە هەور دادەپۆشرێ و نمەباران دەبارێت. پاشان بۆ تاوەبران و برووسکە دەگۆڕێت."
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، کەشى پێشبینیکراوى 48 کاژێری داهاتووی راگەیاند "ئەمڕۆ ئاسمان بەتەواوی هەور دایدەگرێت، لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان نمەباران دەبارێت. لە پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکاندا، ئێوارە رێژەی بارانبارین بەرز دەبێتەوە."
 
ئەمڕۆ (دووشەممە، 11-3-2024) شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشوهەوا بە رووداوی گوت "کاریگەریی شەپۆلەکە بەهێزە و رۆژانی دیکەش بەردەوام دەبێت؛ ئەگەری تەرزەی قەبارە گەورە هەیە و، هاونیشتمانیان پێویستە لە دۆخی وەهادا ئۆتۆمبێلەکانیان دابپۆشن."
 
بە گوتەی ئەو کەشناسە، "شەوانی سێشەممە لە ناوچەکانی هەولێر و کەرکووک بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکانیان ئەگەری شەپۆلێکی بەهێز هەیە و پێشبینیی بارانێکی بەخوڕ دەکرێت. ئەگەری لافاویش لەو ناوچانەدا هەیە."
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە "سبەی ئاسمان بە هەور دادەپۆشرێ و نمەباران دەبارێت. پاشان بۆ تاوەبران و برووسکە دەگۆڕێت. بەیانییەکەی رێژەی دابارین لە ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر، سلێمانی و گەرمیان بەرزدەبێتەوە. کاریگەریی ئەم شەپۆلە تاوەکو درەنگی شەو بەشێوەی جیاجیا بەلاوازی بەردەوام دەبێت؛ بەتایبەتی لەناوچە شاخاوییەکانی سنووری رۆژهەڵاتدا."
 
بە گوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، مەودای بینین لە حەوت تاوەکو نۆ کم دەبێت، لە شوێنی دابارینیشدا لە 4 بۆ 5 کم کەم دەبێتەوە.
 
بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی بەم شێوەیەیە:
 
هەولێر : 16
سلێمانی: 15
دهۆک: 15 
زاخۆ: 15 
هەڵەبجە: 17
کەرکووک: 19
سۆران: 16
حاجی ئۆمەران: 6
گەرمیان: 20