رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین – سووریا: لە عەفرین رێژەی کورد لە 98٪ بۆ کەمتر لە 25٪ دابەزیوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین دەڵێت، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا کە عەفرین داگیرکراوە تاوەکو ئێستا دەرکردنی کورد بەردەوامە و، رێژەی کورد پێش داگیرکردنی هەرێمەکە نزیکەی 98٪ بوو، بەڵام ئێستا کەمترە لە 25٪. دەشڵیت "تاوەکو ئێستا دوو هەزار کەس چارەنووسیان نادیارە کە 100 کەسیان ئافرەتن".
ئیبراهیم شێخۆ، گوتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین - سووریا بە رادیۆی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ، 18ـی ئادار، پێنج ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر داگیرکردنی عەفرین لەلایەن تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی ئەو وڵاتەوە، لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، عەفرین رووبەڕووی دۆخێکی خراپی گۆڕینی دیمۆگرافی و دەربەدەرکردنی کورد لە ناوچەکە بووەتەوە و، تاوەکو ئێستا دەستدرێژیکردنە سەر ماڵ و موڵکی کورد لە عەفرین بەردەوامە".
گوتەبێژی رێکخراوەکە دەڵێ، زیاتر لە 300 هەزار کورد کە دانیشتووی عەفرین بوون، ئاوارە و دەربەدەر بوون و عەرەب و تورکمان لەجێگەیان نیشتەجێکران و دیمۆگرافیای عەفرین گۆڕدرا "پێش داگیرکردنی نزیکەی 95 بۆ 98٪ـی دانیشتووانی عەفرین کورد بوون و نزیکەی 2 بۆ 5٪ـی دانیشتووانەکەی عەرەب بوون، بەڵام ئێستا دیمۆگرافیای عەفرین گۆڕاوە و رێژەی کورد کەمترە لە 25٪".
ئیبراهیم شێخۆ گوتیشی، "لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 8 هەزار و 695 کەس لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیاوە دەستگیرکراون، تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو هەزار لەوانەی دەستگیرکراون چارەنووسیان نادیارە کە نزیکەی 100ـیان ژنن".
ئاماژەی بەوەکرد،" تاوەکو ئێستا نزیکەی 700 کەس بەهۆی هێرش و داگیرکاری سەر عەفرین گیانیان لەدەستداوە کە 96 کەسیان ژن بوون، بەجۆرێک 8 کەسیان خۆیان کوشتووە و 72ـیان دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر، هەروەها نزیکەی 90 کەسیشیان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە".
گوتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین - سووریا گوتیشی، لەدوای داگیرکردنی عەفرینەوە، نزیکەی 400 هەزار داری زەیتوون و میوە لە هەرێمی عەفرین بڕدراون و نزیکەی 15 هەزار دار، سووتێنراون، سەدان دۆنم باخ و دارستانی عەفرین تێکدراون.
ئیبراهیم شێخۆ ئاماژەی بەوەشکرد، لەدوای داگیرکردنی عەفرین، دۆخی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە شارەکە خراپە، بەجۆرێک جگە لەوەی ناوچەکە رووبەڕووی شەپۆلێکی بەعەرەبکردن بووەتەوە، دەیان خێزانی کریستیانی ئەرمەنی و ئێزدی لە ناوچەکە دەرکراون و، 28 مەزارگەی ئایینی کورد و کریستیان و ئێزدییەکانیش تاڵانکراون و تێکدراون.
لەبارەی ژمارە و پێکهاتەی ئەو گرووپە چەکدارانەی لە سنووری عەفرین هەن، ئیبراهیم شێخۆ گوتی، "زیاتر لە 25 گرووپی چەکداری جۆراوجۆر لە سنووری عەفرین هەن، کە زۆرینەیان تورکمانن وەکو ؛حەمزات، سوڵتان موراد، عەمشات، موعتەسیم بیللا، ریجال حەرب. بێجگە لەوانەش، گرووپی ئەحرار شام، فەیلەقی شام کە لقێکی جەبهەی نوسرەیە لە ناوچەکەدا هەن".
بەگوتەی ئیبراهیم شێخۆ، لە ساڵی 2019ـەوە هەموو بەڵگەکانیان تۆمارکردووە و داویانن بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و، "40 دۆسیەی گرنگمان ئاراستەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد و 8 لێکۆڵەری نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکان دەکەن، لە ماوەی رابردووشدا لیژنەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی هاتبوونە عەفرین، هیچ کوردێکیان نەدیوە و تەنیا عەرەبی هاوردەیان بینیوە؛ هیچ گرفتێکی کورد لەگەڵ ئەو لیژنەیەدا باس نەکراوە. تاڵانکردنی ماڵ و موڵکی کورد لە عەفرین و دەربەدەرکردنیان، تاوەکو ئێستا بەردەوامە".