نوێنەری پێشووی عێراق لە ناتۆ: هێلیکۆپتەرەکەی سنووری دهۆک خۆی بە شاخێکدا کێشاوە

18-03-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
 چەند دیمەنێکی نزیک شوێنی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکان لە سنووری پارێزگای دهۆک
چەند دیمەنێکی نزیک شوێنی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکان لە سنووری پارێزگای دهۆک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هێشتا کەس خۆی لەو دوو هێلیکۆپتەرە بە خاوەن نەکردووە، کە شەوی چوارشەممەی رابردوو لە ناحیەی چەمانکێی سەر بە پارێزگای دهۆک کەوتنە خوارەوە. تاوەکو ئێستا تەنیا یەکێک لە هێلیکۆپتەرەکان و تەرمی حەوت کەس دۆزراونەتەوە، لە کاتێکدا رۆژی هەینی هەسەدە رایگەیاند، دوو هێلیکۆپتەر کەوتوونەتە خوارەوە و 9 ئەندامی یەکینەکانی دژە تیرۆر گیانیان لەدەستداوە.
 
تورکیا لەبارەی خاوەنی هێلیکۆپتەرەکان پەنجەی تۆمەت بۆ "پاڵپشتیکارانی" هێزە کوردییەکان درێژدەکات. خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا گوتی، "پشتیوانانی پەکەکە/یەپەگە بەپێدانی هێلیکۆپتەر بە تیرۆریستان، جارێکی دیکە دەستی تاوانکارییان ئاشکرابوو. کاتی هاتووە لەوە تێبگەن و باش بزانن ئەم هەوڵ و تەقەڵانەیان بێهوودە بووە و دەبێت، چاوەڕێی تێگەیشتنیان دەکەین. خەباتمان لە دژی تیرۆریستان تاوەکو لەناوبردنی دوایین تیرۆریست بەردەوام دەبێت."
 
پاڵپشتیکاری سەرەکیی هەسەدە لە رۆژئاوای کوردستان هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە بە سەرکردایەتیی ئەمریکا، کە لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە دژی داعش و پێدانی چەک پێی، هاوکاریی هەسەدە دەکات. 
 
ئەمریکا لە بودجەی بەرگریی ساڵی 2023دا 165 ملیۆن و 309 هەزار دۆلاری بۆ هێزەکانی هەسەدە و هاوبەشەکانی دیکەی ئەمریکا لە سووریا تەرخانکردووە. لە پڕۆژە بودجەی 2024یشدا بڕی 398 ملیۆن دۆلاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە سووریا و عێراق داواکراوە. 
 
تاوەکو ئێستا هۆکاری کەوتنەخوارەوەی هەردوو هێلیکۆپتەرەکە بەتەواوەتی روون نییە، بەڵام هەسەدە هۆکارەکەی بۆ خراپیی کەشوهەوا گەڕاندووەتەوە، شارەزایەکی ئەندازیاریی فڕۆکەوانی لەوبارەیەوە روونکردنەوە دەدات. 
 
لیوا سەباح دۆسکی، نوێنەری پێشووی عێراق لە ناتۆ گوتی، "ئەگەر فڕۆکە بسووتێت و سووتانەکەی بەهۆی بەنزینەکەیەوە نەبێت، پارچەکانی لە نزیک یەک دەبن، ئەگەر مووشەکی بەرکەوێت، دەکرێت لە نێوان بزووێنەرەکەی و پارچەکانی دیکەی 200 بۆ 300 مەتر هەبێت، بەڵام ئەگەر خۆی بە شاخێکدا بکێشێت، فڕۆکەکە غلۆردەبێتەوە، تاوەکو دەگاتە خوارەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم فرۆکەیە خۆی بە شاخێکدا کێشاوە. من پێموایە، لەبەر ئەوەی شەو بووە، کەشوهەوا لەبار نەبووە، ئەو خۆی بە شاخێکدا کێشاوە".  
 
یەكێک لەوانەی لە رووداوەکە گیانی لەدەستداوە، شەڕڤان کۆبانێیە، کە فەرماندەی هێزی دژە تیرۆری سەر بە هەسەدەیە. ئێستا تەرمی حەوت لە قوربانییەکانی رووداوەکە لە دادپزیشیی دهۆکن، هەدەسە داوای لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کردووە، تەرمەکانیان رادەست بکەنەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەربازێکی هەسەدە لە رۆژئاوای کوردستان. وێنە: Getty Images

11 کەس لە هێرشی هەسەدە بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان لە سەرێکانی کوژران

سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا دەڵێن، لە هێرشی هێزەکانی سووریایی دیموکرات (هەسەدە)ـدا بۆ سەر پێگەی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیا لە ناوچەیەکی سەرێ کانیی رۆژئاوای کوردستان، 11 کەس کوژراون، لە نێویاندا ژنێک و دوو منداڵ هەن.