رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە پڕۆژە نوێیەکانی کەرکووک پێش کردنەوەیان، تێکچوون و خەڵک لە خراپیی کوالێتییان ناڕازین. یەکێک لە پڕۆژە نوێیەکان دووسایدی رێگەی حوزەیران و زانکۆی کەرکووکە، کە کەمتر لە مانگێکە دروستکراوە و هێشتا بەڕووی شۆفێراندا نەکراوەتەوە، بەڵام بەشێکی تێكچووە.
پڕۆژەیەکی دیکە رێگەی نێوان کەرکووک - هەولێرە و بەشێکی تازە دروستکراوە، بەڵام بەهۆی بارانبارینی چەند رۆژی رابردووەوە شەقامەکە تێکچووە و هاتووچۆی پێدا ناکرێت. ئەوە لە کاتێکدایە کە تەنیا لە کەرتی رێگەوبان لە شارەکەدا، 27 پڕۆژە پێش بەکارهێنانیان، قیرەکەیان هەڵوەشاوەتەوە.
هێمن وەهاب، دانیشتووی گوندی کەڵهوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەم شەقامە ئەگەر زۆر وریا نەبیت تووشی رووداوی هاتووچۆ دەبێت، چونکە ناتوانی بێیتە سەر ئەم سایدە و لە نێوان هەر 10 مەترێکدا چاڵی گەورە دروستبووە، بۆ نموونە ئەم شەقامە تازە دروستکراوە و هێشتا ئۆتۆمبێلی بەسەردا نەرۆیشتووە، هەڵکەنراوە و ئێستا بە چیمەنتۆ چاکدەکرێت، جا نازانم هۆکاری چییە، ئەو شوێنانەشی کە هەڵنەکەنراوە هێندە تاسەی تێدایە ناتوانی بەسەریدا بڕۆی."
زیاتر لە 27 پڕۆژەی رێگەوبان لە کەرکووک، بەر لەوەی بکرێنەوە هەڵوەشاونەتەوە، 14 پڕۆژەی دیکەش کە کەمتر لە شەش مانگە دروستکراون، بەهۆی تێكچوونیانەوە داخراون.
ئیبراهیم ساڵح، دانیشتووی گەڕەکی شۆراو دەڵێت، "ئەم شەقامە دووەم جارە چاکدەکرێتەوە و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە قیرەکەی باش نییە، ئەو قیرەی کە دەنێردرێت بۆ تاقیگە جیاوازە لەگەڵ ئەو قیرەی کاری پێدەکرێت، ئەمە دووەم جارە ئەم شەقامە چاکدەکرێتەوە لە کاتێکدا دوو مانگ دەبێت هەڵکەنراوە و ئەمڕۆ هاتوون چاکی بکەنەوە."
دوای تۆمارکردنی دەیان سکاڵا لە دژی خراپیی کوالێتیی پڕۆژەی قیرتاوکردن و فراوانکردنی شەقامەکانی کەرکووک، ئیدارەی کەرکووک دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە و دەڵێت: کەرەستەی خراپ و کوالێتیی نزم بەکارهێنراون و هێشتا کۆمپانیایەکی
بەڵێندەر سزا نەدراوە.
عیماد دەهام، راوێژکاری پارێزگاری کەرکووک باسی لەوە کرد، "رەنگە کەمتەرخەمی لە چاودێریکردن و وەرگرتنی پڕۆژە و پشکنینی تاقیگەکان هەبێت، ئەمڕۆ بانگهێشتنامە بۆ چەند کۆمپانیایەکی شارەزا لە بواری بیناسازی لە بەغدا و هەولێر و سلێمانی نێردراوە تاوەکو هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆژەکان بکەن و چاوەڕێی راپۆرتی کۆتایی ئەوان دەکەین."
لە ساڵانی 2022 و 2023 دا،157 پڕۆژەی دروستکردنی شەقام و شۆستە لە کەرکووک جێبەجێکراون. بەپێی راپۆرتی دیوانی چاودێری، نزیکەی 90 پڕۆژەیان گەندەڵی تێدا کراوە و کوالێتییەکی خراپیان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ