دوو ئۆتۆمبێلی لاهوور شێخ جەنگی دەستیان بەسەردا دەگیرێت


رووداو - سلێمانی 

دوو ئۆتۆمبێلی لاهوور شێخ جەنگی لە سلێمانی دەستیان بەسەردا دەگیرێت. گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت، تاوەکو ئێستا کەس سکاڵای تۆمارنەکردووە. 
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەرکان عەلی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، پاساوی ئەو کارەی یەکێتی ئەوە بووە کە ئۆتۆمبێلەکان خاوەندارێتییان بۆ ئیدارەی گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەگەڕێتەوە.
 
هەر لەو بارەوە ئەمڕۆ شەممە، 18-03-2023، سەرچاوەیەکی نزیک لە لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ دوو کەسی نزیکی لاهوور شێخ جەنگی لە لایەن هێزێکەوە قۆڵبەست کراون.
 
ئەو سەرچاوەیە گوتی، ئەو دوو کەسە هاتووچۆیان بە منداڵەکانی لاهوور شێخ جەنگی کردووە و منداڵەکانیان گەیاندووەتە قوتابخانە و دواتر لە بەنزینخانەیەک لایانداوە و لەوێ هێزەکە قۆڵبەستی کردوون. 
 
سەرچاوەیەکیش لە ئیدارەی گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی گوت، پێشتر چەند جارێک لاهوور شێخ جەنگییان ئاگادارکردووەتەوە کە ئەو ئۆتۆمبێلانە خاوەندارێتییان بۆ ئیدارەی گشتیی یەکێتی دەگەڕێتەوە، بەڵام نەگەڕێندراونەتەوە و هەربۆیە ئەمڕۆ دەستیان بەسەردا گرتوون. 
 
بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر، رووداو پەیوەندی بە سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانییەوە کرد و لە وەڵامدا گوتی "ئاگاداری رووداوی لەو جۆرە نین و تائێستاش هیچ سکاڵایەک تۆمار نەکراوە".