گەنجێک لە چیای کورەژار لە شیلادزێ دەکەوێتە خوارەوە و گیان لەدەست دەدات


رووداو دیجیتاڵ

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە گەنجێکی دانیشتووی شیلادزێ لە سنووری پارێزگای دهۆک لە چیای کورەژار کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا.
 
نووری هریاشی، باوکی ئەو گەنجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کوڕەکەی لە بەیانییەوە لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی دیکەی بۆ هێنانی هەندێک گیای بەهارە چووبوونە چیای کورەژار، بەڵام لە نزیک کاژێر 03:30 ئاگادارکراوەتەوە کە کوڕەکەی کەوتووەتەخوارەوە و گیانی لەدەستداوە.
 
ئەو گەنجەی کە گیانی لەدەستداوە ناوی عەبدولـلەتیف نوورییە و تەمەنی 32 ساڵ بووە. وەکو باوکی دەڵێت، پێشمەرگە بووە و دوو منداڵی لە دوای خۆی بەجێهێشت.
 
بە گوتەی باوکی، دوای کەوتنەخوارەوەی لە چیاکە، بە سەختی بریندار ببوو، بەڵام تاوەکو ئەوان گەیشتوونەتە لای گیانی لەدەستداوە.
 
چیای کورەژار یەکێکە لەو ناوچانەی کە بەهۆی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە بە ناوچەیەکی قەدەخەکراو هەژمار دەکرێت.