لە رۆژانی نەورۆز لە کەلار ھیچ ئاھەنگێک بەڕێوەناچێت

18-03-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

تەنیا چەند رۆژێکی کەمی ماوە بۆ جەژنی نەورۆز، خەڵک لەو بۆنەیەدا ئاهەنگدەگێڕن و دەچنە سەیران، بەڵام دیوانی قایمقامییەتی کەلار رایگەیاند، ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، هیچ ئاهەنگێک ساز ناکرێت.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-03-2021 لە دیوانی قایمقامییەتی کەلار کۆبوونەوەیەک بە سەرپەرشتیی شەهاب حاجی ئەحمەد، قایمقامی کەلار و ئامادەبوونی لایەنە ئەمنی و خزمەتگوزار و تەندروستییەکان بەڕێوەچوو.
 
لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێک لەبارەی چۆنێتی بەڕێوەچوونی جەژنی نەورۆز درا، بەپێی راگەیێندراوی دیوانی قایمقامیەتی کەلار، بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزی هیچ ئاهەنگێک ناکرێت، تەنیا رێوڕەسمی ئاگرکردنەوە لەسەر قەڵای شێروانە بەڕێوەدەچێت، ئەویش بەبێ ئامادەبوونی بەرپرس و خەڵک و دروستکردنی قەرەباڵخی.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە رۆژانی جەژن لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەت رادەسپێردرێن بۆ چاودێریکردنی شوێنە گەشتیاری و گشتییەکان، هەروەها رێنوێنی هاونیشتمانیان دەکەن بە بەستنی دەمامک.
 
بڕیارەکانی قایمقامییەتی کەلار:
 
1. جەختكردنەوە لە جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی بەیانی ژمارە (10)ی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بڕیارەکانی ژووری ئۆپراسیۆنی ئیدارەی گەرمیان تایبەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.  
 
2. جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی، جەژنی نەتەوەیی کوردە و بەرز و پیرۆز رادەگیرێت، بەڵام بەھۆی رێکارەکانی خۆپارێزی ھیچ بۆنە و ئاھەنگێک ساز نادرێت، تەنھا رێوڕەسمی كردنەوەی ئاگری نەورۆز لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری گەرمیانەوە لەسەر قەڵای شێروانە، بەبێ ئامادەبوونی بەرپرسان و ھاووڵاتیان و دوور لە قەرەباڵخی ئەنجامدەدرێت.
 
3. لە رۆژانی پشووی جەژنی نەورۆزدا، لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامییەتەكان رادەستپێردرێن بە چاودێریكردنی شوێنە گەشتیارییەكان و مۆڵ و بازاڕ و شوێنكار و چێشتخانە و چاییخانە و كافتریا و شوێنە گشتییەكان، بە مەبەستی جێبەجێكردنی رێنوێنییە خۆپارێزیی و تەندروستییەكان، پێویستە ھاووڵاتیان و کاسبکارانیش بە بەستنی دەمامک و رێکارەکانی دیکەی خۆپارێزی پابەندی رێنوێنییەکان بن.
 
4. دانانی پرسە لە ناو گەڕەكەكان بە قەدەخەكراوی دەمێنێتەوە بەتایبەت دانانی خێمە بە ھەموو شێوەیەک رێگەپێنەدراوە، داوا لە ھاووڵاتیان دەکەین بۆ ئەو مەبەستە ھاوکارمان بن.
 
5. پۆلیسی بەرگریی شارستانی و دارستان راسپێردران ، بە مەبەستی رێگری لە کردنەوەی ئاگری نەورۆز بە سووتاندنی تایە.
 
6. لە رۆژانی پشووی جەژنی نەورۆزدا، لایەنی ئەمنی و خزمەتگوزاری و تەندروستییەکان لە پێناو خزمەتی هاووڵاتیان لە ئەرکدا دەبن و ئێشکگریان دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە