تۆیۆتا بۆ دوو هەفتە کارگەکانی لە تورکیا دادەخات


رووداو - هەولێر 

 

کۆمپانیای تۆیۆتای ژاپۆنی رایگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆ ماوەی دوو هەفتە کارکردن لە کارگەکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە تورکیا رادەگرێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە لەلایەن کۆمپانیاکەوە بڵاوکراوەتەوە، لە چوارچێوەی گرتنەبەری رێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی تورکیا، بۆ پاراستنی تەندروستی کار و کۆمەڵگە بڕیاریان داوە بە داخستنی کارگەکانیان لە رۆژانی 21ـی ئازار هەتا 5ـی نیسان و بەرهەمهێانی ئۆتۆمبێل لەو کارگانەدا و بۆ ماوەی دوو هەفتە رادەگرن.
 
لە راگەیێنراوەکەدا تیشک خراوەتەسەر ئەو بەرهەمانەی لە ساڵانی رابردوودا کۆمپانیاکە بەرهەمی هێناون و تواناکانی کۆمپانیاکەیان لە بواری بەرهەمهێنان و هەناردەکردندا خستووەتەڕوو.
 
ئاماژە بەوەشدراوە، دوای کۆتاییهانی ئەو دوو هەفتەیە، بەگوێرەی پێشهاتەکان پێداچوونەوە بە بڕیارەکەیاندا دەکەن و ئامانجیان ئەوەیە لە تورکیا بەردەوامی بە کارەکانیان بدەن. 
 
فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی تایبەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا رایگەیاند، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا گەیشتووەتە 98 کەس و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە.