بەغدا لە مردنی سەرۆكی دەستەی نەزاهە بە گومانە

18-03-2019
ناسر عەلی
نیشانەکردن عیزەت تۆفیق
A+ A-

رووداو-دهۆك

مردنی عیزەت تۆفیق، سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی عێراق بەهۆی رووداوێكی هاتووچۆ لە دهۆك، گومانی لەلای حكومەتی عێراق دروستكردووە، بۆیە لێژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە رەوانەی دهۆك كردووە. كەسێكی نزیكی لە عیزەت تۆفیق دەڵێت لێژنەكە دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە و بەڵگەی پێویستیان بۆ لێكۆڵینەوە كۆكردووەتەوە. پۆلیسیش دەڵێت ئەو كەسەی بە ئۆتۆمبێل لە عیزەت تۆفیقی داوە، عەرەبە و دەستگیركراوە.


سەعات 9:45ی شەوی 14/3/2019 لە سەر دووسایدی ماڵتا لە سەنتەری شاری دهۆك، پێکدادان لە نێوان ئۆتۆمبیلێكی جۆری تویۆتا لاندكرۆزەر و ئۆتۆمبێلێكی جۆری هیۆندای كە عیزەت تۆفیق، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی عێراقی تێدابوو روویدا. عیزەت تۆفیق كە كوردە و خەڵكی شاری دهۆكە، بەهۆی رووداوەكە گیانی لەدەستدا و شوفێری تویۆتا لاندكرۆزەرەكەش بریندار بوو. هەر بەهۆی ئەو رووداوەوە پێنج ئۆتۆمبێلی دیكەش زیانیان بەركەوت.

بەرپرسانی بەغدا رووداوی گیانلەدەستدانی سەرۆكی دەستەی دەستپاكی عێراق بە رووداوێكی ئاسایی نابینن، بۆیە بڕیاریان داوە لێكۆڵینەوەی تێدا بكەن.  

موقەددەم عەلی نووری كە ئامۆزای عیزەت تۆفیقە بە (رووداو)ی راگەیاند "ماڵی رەحمەتی كاك عیزەت تۆفیق لە شاری دهۆكە، ئەو بۆ جەژنی نەورۆز گەڕابووەوە شاری دهۆك، لە كاتی رووداوەكە خۆی ئۆتۆمبیلی لێخوڕیوە". گوتیشی "بەدروستی نازانین رووداوەكە چۆن بووە، بەڵام جارێ‌ رووداوەكە بۆ ئێمە جێی گومان نییە".

دادوەر عیزەت تۆفیق لە بنەڕەتدا خەڵكی گوندی رەبەتكێی سەر بە شاری دهۆكە. ساڵی 1970 لە شاری موسڵ لە دایكبووە، بەكالۆریۆسی لە یاسا هەبووە. ساڵی 1998 بۆ تەواوكردنی پەیمانگەی دادوەری چووەتە شاری بەغدا و لەوێ‌ پەیمانگەی دادوەری تەواو كردووە. لە ساڵی 2000 وەكو دادوەر لە دادگاكانی بەغدا دەستبەكار بووە. هەشت ساڵ جێگری سەرۆكی دەستەی دەستپاكی بوو، دوو ساڵیش بوو پۆستی سەرۆكی دەستەكەی وەرگرتبوو.

ئامۆزاكەی دادوەرعیزەت دەڵێت هەر دوای رووداوەكە بەغدا لێژنەیەكی لێكۆڵینەوەی ناردووە بۆ دهۆك. موقەددەم عەلی گوتی: "لێژنەكە جگە لە دەستەی دەستپاكی، راوێژكارێكی وەزارەتی ناوخۆشیان لەگەڵە، لە زۆر شوێن دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە، هێلكاری شوێنی رووداوەكە و وێنە و ڤیدیۆی كاتی رووداوەكەیان لەگەڵ خۆ بردووە. هەروەها بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر سەردانی پۆلیسی دهۆك و پۆلیسی هاتووچۆی دهۆكیان كردووە، بەڵام هێشتا ئەنجامەكەیان ئاشكرا نەكردووە". 

موقەددەمی مافپەروەر ئازاد تەها، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی دهۆك بە (رووداو)ی راگەیاند: "هەر دوای رووداوەكە، دەستمان بە لێكوڵینەوە كرد، دەركەوت كە ئەو ئۆتۆمبێلە بە خێراییەكی زۆر هاتووە و خۆی كێشاوە بە ئۆتۆمبێلی دادوەر عیزەت تۆفیق". گوتیشی "جگە لەو دوو ئۆتۆمبێلە حەوت ئۆتۆمبێلی دیكەش كە لەوێ‌ پارك كرابوون، زیانیان بەركەوتووە".

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پۆلیسی دهۆك لەو بارەیەوە بە (رووداو)ی راگەیاند "ئەو كەسەی بە ئۆتۆمبێلەكەی خۆی كێشاوە بە ئۆتۆمبێلی سەرۆكی دەستەی دەستپاكی عێراق، عەرەبە. بەهۆی ئەو رووداوەوە بریندار بووە، ئێستا لەلای پۆلیسەو لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێ‌". سەرچاوەكەی پۆلیس گوتیشی "لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەردەوامەو جارێ ناتوانین هیچ زانیارییەک لەوبارەوە رابگەیەنن".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە