نووسینگەی سەرۆکی حکومەت بۆ فەرمانبەران: زوو خۆتان لە 'هەژماری من' تۆمار بکەن

18-02-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، پێشوازی لە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق دەکەن، داوا لە سەرجەم فەرمانبەرانیش دەکات بە زووترین کات خۆیان لە 'هەژماری من' تۆمار بکەن.
 
عەزیز ئەحمەد، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگەی فیدراڵیی عێراق دەکەین کەوا دووپاتی کردووەتەوە، بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبێت بەپێی رێکارەکانی بانکی ناوەندی بێت و لەلایەن بانکە مۆڵەتپێدراوەکانی بانکی ناوەندی ئەنجام بدرێت. هەروەها فەرمانبەر سەرپشک بکرێت لە هەڵبژاردنی بانکی دڵخوازی خۆی لەو بانکانەی رەزامەندیی بانکی ناوەندییان هەیە، کە هەموو ئەمانەش لەگەڵ بنەما سەرەکییەکانی پڕۆژەی (هەژماری من) یەکدەگرنەوە."
 
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، "تیمەکەمان وەکو بەشێک لە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەتای ئەم مانگە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کۆبوونەتەوە و نوێترین پێشهاتەکانی پڕۆژەکەیان بۆ باسکردوون، وەک چۆن لە بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵییشدا هاتووە، ئەم هەماهەنگییەش بەردەوام دەبێت لە رێگەی ناردنی زانیاری و پێشهاتی مانگانە بۆیان."
 
عەزیز ئەحمەد جەخت لەوە دەکاتەوە، "هاوتەریب لەگەڵ ئەمەش، بەردەوام دەبین لە هەماهەنگیی نزیکمان لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق، بەوپێیەی بەبانکیکردنی مووچە هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان و عێراق."
 
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە سەرجەم فەرمانبەران دەکات، "بەزووترین کات خۆیان تۆمار بکەن. بۆ خۆتۆمارکردن، دەتوانن پەیوەندی بکەن بە سەنتەری خزمەتگوزاریی هەژماری من بە ژمارە 1991."
 
ئەمڕۆ سێشەممە 18ى شوباتى 2025 دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق لەبارەى سکاڵایەکى لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار کۆبووەوە، کە لەبارەى مووچەى مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستان تۆماری کردبوو.
 
دادگەى باڵاى فیدراڵى بڕیاری دا جێبەجێکردنى پرۆسەى بەجێکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بەگوێرەى رێکارەکانى بەجێکردن بێت، کە لە بانکى ناوەندی دەرکراوە. پێویستە بەجێکردنەکە لە رێگەى ئەو بانکانە بێت، کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە مۆڵەتیان پێدراوە؛ ئەویش بەگوێرەى رێکارە پیادەکراوەکان بێت لەلایەن حکومەتى فیدراڵییەوە.
 
لە بەشێکى دیکەى بڕیارەکەدا هاتووە، دەبێت ئەو بەجێکردنى مووچەیە بە هاوئاهەنگیى نێوان وەزارەتى دارایی فیدراڵ و وەزارەتى دارایی و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان بێت، ئازادى بدرێتە فەرمانبەر لە دیاریکردنى ئەو بانکەى دیاریی دەکات بۆ بەجێکردنى مووچە.
 
دادگەى باڵاى فیدراڵی لە 21ـى شوباتى 2024، بە بڕیارێک هەردوو حکومەتى فیدراڵى و هەرێمى کوردستانى پابەند کرد، مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بەجێبکرێت و مانگانە بدرێت.
 
هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق کە بریکارى یاسایی سکاڵاکە بوو، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بەگوێرەى بڕیارى دادگە هەردوو وەزارەتى دارایی فیدراڵ و هەرێمى کوردستان پابەند دەکات بە بەجێکردنى مووچەى فەرمانبەران.
 
هاوڕێ تۆفیق ئاماژەى بەوەش دا، جیاوازیى ئەم بڕیارە لەگەڵ بڕیارى پێشووى دادگەى فیدراڵى ئەوەیە، پێشتر تەنیا بەجێکردنى مووچەى لە بانکە حکومییەکان دیاری کردبوو، بەڵام ئەم بڕیارە نوێیە بانکە ئەهلییەکانیشى گرتووەتەوە و ئازادیى داوەتە فەرمانبەر لە دیاریکردنى ئەو بانکەى بەجێکردنى مووچەى تێدا دەکات.
 
ئەو سکاڵایەى سەرۆککۆمارى عێراق لە دژى سەرۆکوەزیرانى عێراق، سەرۆکى پەرلەمان و وەزیرى دارایی فیدڕاڵ تۆمارکرا بوو، تێیدا داوا کراوە دادگەى باڵاى فیدراڵى فەرمانسالارییەکى بەپەلە دەربکات بۆ ناچارکردنى وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ بە خەرجکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بە هەموو توێژەکانەوە بۆ مانگەکانى رابردوو و داهاتوو.
 
لە یەکێک لە خاڵەکانى دیکەى سکاڵاکەدا داوا کرابوو ناردنى مووچە بەبێ دواکەوتن و بەردەوام بێت و لە ژێر هیچ پاساوێک کە پەیوەندار بێت بە بەجێکردنى مووچە و پرسى تەکنیکى و کارگێڕی وەک تەرازووى پێداچوونەوە و رێکارە تەکنیکی و چاودێرییەکانى دیکە و مووچەى فەرمانبەران بە گوێرەى رێنماییەکانى بانکى ناوەندیى عێراق بەجێبکرێت، بەڵام دادگەکە ئەو داواکارییانەی رەتکردنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 زۆرینەی کتێبەکانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە چاپ دەکرێن.

زۆرینەی کتێبەکانی کوردستان لەدەرەوە چاپ دەکرێن؛ بەرزی نرخ هۆکاری سەرەکییە

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 35 چاپخانەی تایبەت بە چاپکردنی کتێب هەیە، بەڵام 65٪ـی ئەو کتێبە کوردییانەی لەپێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێرن بۆ کتێب، لە ئێران، تورکیا، لوبنان و ئوردن و چەند وڵاتێکی دیکە چاپدەکرێن.