رووداو - سلێمانی
بە هیوای بەدیهاتنی ئاشتی و ئازادی لە باکووری کوردستان، شاندنی ئیمراڵی وەکو دوایین وێستگەی سەردانەکەیان لە باشووری کوردستان، گەیشتنە سلێمانی و لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی کۆبوونەوە. شاندەکە پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان بۆ بافڵ تاڵەبانی هێنابوو، ئەویش لە وەڵامدا پێی گوتوون، "پرسی کورد بە چەک چارە ناکرێت و دیالۆگ باشترین بژاردەیە."
سالار لالە سەرحەد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی گوتی، "یەکێتی هەموو کات لەگەڵ ئاشتی و ئاشتیخوازیدایە بۆ هەموو پرسەکان."
لە کۆبوونەوە یەک کاژێر و نیوییەکەدا، ئەنجامی دیدارەکانی سێ رۆژەیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و روانگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پرۆسەی ئاشتی شەن و کەو کران.
کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) دەڵێت، "دەبێت خەڵکی هەر چوار پارچەی کوردستان دڵخۆشبن، چونکە هەموو بۆچوونەکان لەگەڵ یەکبوون و ئاشتی بوو، بۆیە زۆر دڵخۆشین."
محەممەد ئەمین پێنجوێنی سیاسەتڤانێکی کورد و کارا لە پرسەکانی پەیوەندیدار بە باکووری کوردستانە، لە پرۆسەکانی ئاشتی و ئاگربەست رۆڵگێڕ و خاوەن هەوڵوێست بووە و بۆ ئەم قۆناخەش گەشبینە.
محەممەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتڤان دەڵێت، "بۆچوونی برادەرانی قەندیل ئەوەیە، هەموو کورد و دنیا هاوکاربن کە پرسی کورد لە تورکیا بە سیاسی چارەسەر بکرێت."
بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی خوێنین و درێژخایەنی تورکیا و پەکەکە، لە ساڵی 1993وە تاوەکو ئێستا چەندین جار پرۆسەی ئاشتی و هەوڵی چارەسەری پرسی کورد راگەیێندراوە، کە لە هەموویاندا سەرکردایەتیی سیاسیی باشووری کوردستان نێوبژیوان بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ