وەزارەتی تەندروستی بێدەنگە؛ ئاییندەی 778 دەرچووی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان لە مەترسیدایە

13-02-2025
پێشەوا بەختیار
گردبوونەوەی ژمارەیەک لە دەرچووە دانەمەزراوەکانی پزیشکی گشتی
گردبوونەوەی ژمارەیەک لە دەرچووە دانەمەزراوەکانی پزیشکی گشتی
A+ A-
 
رووداو - سلێمانی

ژیلە یەکێکە لە دەرچووەکانی بەشی پزیشکیی گشتیی ساڵی 2024، تاوەکو ئێستا چارەنووسی ئاییندەی 6 ساڵ خوێندنی زانکۆی دیار نییە، لەگەڵ هاوپۆلەکانی خۆپێشاندانیان کرد و داوای دامەزراندن دەکەن.
 
ژیلە عوسمان، دەرچووی دانەمەزراو دەڵێت، "ئەو 6 ساڵەی خوێندوومانە، هەمووی بەفیڕۆ دەچێت، چونکە دەبێت دوای دەرچوون ئەو دوو ساڵە وەکو نیشتەجێی خولاو دەوام بکەین، ئێستا ناتوانین نە لە نەخۆشخانەی تایبەت و نە لە نەخۆشخانەی گشتی کار بکەین، چونکە بە ئێمە دەڵێن: ئێوە ئەزموونتان نییە."
 
دەرچووە دانەمەزراوەکانی سلێمانی، گەرمیان و راپەڕین، لە سلێمانی گردبوونەوە، سەرەتای خۆپێشاندانەکەیان بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی بوو، وەڵامی دڵخۆشکەریان وەرنەگرت و گوتیانم بڕۆن لە وەزارەتی تەندروستی داوا بکەن، کێشەکە چارەسەرەکەی لەوێیە.
 
رەوا قوربانی، دەرچووی دانەمەزراو گوتی، "وەزارەتی تەندروستی گوتی چاوەڕێ بن، کەچی دواتر بۆمان دەرکەوت تەنیا بۆ ئەوە بووە کە ئێمە هەڵوێستمان نەبێت."
 
سەرمەد هەڵمەت، دەرچووی دانەمەزراو دەڵێت، "بە دانەمەزراندنمان ژیانمان وەستاوە."
 
دەرچووە دانەمەزراوەکانی هەولێر، هاوشێوەی سلێمانی گردبوونەوە، ئەوان چوونە بەردەم وەزارەتی تەندروستی، لەوێش وەڵامی داواکەیان نەدرایەوە، جگە لەوەی پێیان گوتراوە، چاوەڕوان بن، بەڵام تاوەکو کەی، دیار نییە.
 
عومەر عەونی، دەرچووی دانەمەزراو لە هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، "بە دانەمەزراندنی ئێمە، کەرتی تەندروستی پەکی دەکەوێت، چونکە درەنگ دادەمەزرێین، ئەوکاتە ئێمە شتەکان باش فێر نابین و لەبیرمان چووەتەوە، کەرتی تەندروستی لێی دەقەومێت."
 
مەرجی بەغدا بڕیاری هەولێری بۆ دامەزراندنی دەرچووانی بەشی پزیشکیی گشتیی هەڵوەشاندووەتەوە، سەندیکای پزیشکان دەڵێت، نابێت جیاوازی لە دامەزراندنی نێوان دەرچووانی هەولێر و بەغدا هەبێت.
 
چالاک قەشانی لە سەندیکای پزیشکان ئەوەی خستەڕوو، "ماف بە خوێندکارەکانە و دەبێت دابمەزرێن، چونکە نەخۆشخانەکان پێویستیان بە پزیشکە و کورتهێنان هەیە، دەبێت دابمەزرێن."
 
لە هەرێمی کوردستان 7 زانکۆ بەشی پزیشکییان هەیە، ساڵی رابردوو 778 خوێندکاری پزیشکیی گشتییان هەبووە و هیچیان دانەمەزراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە