دوای 15 رۆژ مانگرتووانی سلێمانی مانگرتنەکەیان شکاند

11-02-2025
پێشەوا بەختیار
مانگرتووان لەکاتی راگەیاندنی شکاندنی بایکۆت
مانگرتووان لەکاتی راگەیاندنی شکاندنی بایکۆت
A+ A-
 
رووداو - سلێمانی

دوای 15 رۆژ لە مانگرتن لە قەدپاڵی شاخێکی بەفراوی، 13 مانگرتووەکەی سلێمانی دەستیان لە مانگرتن هەڵگرت.
 
دەمەو نیوەڕۆ کاسبکارانی سلێمانی و هەڵەبجە دەڕابەی دووکانەکانیان هێنایە خوارەوە، پاڵپشتیی خۆیان بۆ مانگرتووان راگەیاند.
 
دواتر هەزاران کەس پەیتا پەیتا چوونە بناری گۆیژە، نزیک ئەو خەیمەی بڵندگۆی بایکۆت و ناڕەزایەتیی مامۆستا و فەرمانبەران بوو، ئەو شوێنەی کۆتا رۆژی پڕ زەحمەتی برسێتیی بەڕێدەکرد، هەر ئەمڕۆ سێ لە مانگرتووەکان تووشی خوێنبەربوون بوون.
 
هادی حەمەڕەشید، مانگرتوو دەڵێت، "بە تەکلیفی دایکەکان بایکۆتمان شکاند، کە قورئانیان هێنایە رجامان." زانا محەممەد، مانگرتوو گوتی، "لەسەر دەستی ئەم ژینگەپارێزە ئازیزانە مانگرتنمان شکاند."
 
ئاوات ئازاد، مانگرتوو ئاماژەی بەوە کرد، "بەهۆی ئەم خەڵکەوە ئێمە بەپێوەین، ئەمە خەڵکی سلێمانییە و سوپاسیان دەکەین. داواکانمان بەشێکیان جێبەجێ بوون."
 
مانگرتووەکان بێ ئەوەی هیچ کام لە داواکانیان جێبەجێ بکرێت، لەوانەش مووچەی مانگی 12، تەوتین و پلەبەرزکردنەوە، خەیمەیان هەڵگرت، راستەوخۆ گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە.
 
دڵشاد میرانی، کە یەکێکە لە مانگرتووەکان گوتی، "تەندروستیم خراپە و 11 کیلۆ لە کێشم دابەزیوە."
 
کاتێک مانگرتووەکان خەیمەی ناڕەزایەتییان لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان ‌هەڵدا، هیچ رێککەوتنێک لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ مووچەکانی ساڵی 2025 نەبوو، بەڵام دواتر رێککەوتن واژۆ کرا و بڕیارە مووچەی بەردەوام دەرگای بایکۆت دابخات، هەروەک چۆن دەرگای وەرگرتنی مووچەی مانگی 12ی لێ داخستن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە