هاوپەیمانیی عەرەبی و سیادە لە کەرکووک: دەستبەجێ حکومەت دەستوەردان بکات

18-02-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاوپەیمانیی عەرەبی و پارتی سیادە لە کەرکووک، پشتیوانی خۆیان بۆ هێزە ئەمنییەکان دووپاتکردەوە و ستایشی رۆڵی ئەوانیان کرد لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری پارێزگای کەرکووک. 
 
رۆژی سێشەممە 18-02-2025، هاوپەیمانیی عەرەبی و پارتی سیادە لە کەرکووک راگەیێندراوەکەیاندا داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەن دان بە خۆیاندا بگرن و بە "عەقڵ و لۆژیک" بیر بکەنەوە و خۆیان دوور بگرن لە هەر گرژییەک، کە ئاسایشی هاووڵاتییان بخاتە مەترسییەوە.
 
ئەو راگەیێندراوە دوای ئەوە دێت، کە دوێنێ 17ـی شوباتى 2025، لە گوندی شەناغەی سنووری سەرگەڕان-ی پارێزگای کەرکووک، جووتیارانی کورد ویستیان زەوییەکانیان بکێڵن، بەڵام سوپای عێراق رێگریی لێ کردن و تووندوتیژی بەرامبەر کردن.
 
هاوپەیمانیی عەرەبی و پارتی سیادە ئاماژەیان بەوەداوە، "کە ئەزموونی ئیدارەی پێشوو سەلماندی کە سەرکەوتوو بووە لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی کێشەکانی پەیوەست بە زەوییەوە، بە پشتبەستن بە یاسا و دادگە."
 
جەختیش لەسەر پێویستی دۆزینەوەی چارەسەر بەپێی یاسا و جێبەجێکردنی دادپەروەری دەکەنەوە، "رێگە نەدەین هەندێک لایەن قەیرانەکان قوڵتر بکەنەوە و گرژیی زیاتر دروست بکەن، کە رەنگە ئەنجامی ناخوازراوی لێبکەوێتەوە".
 
هەروەها داوا لە حکومەتی عێراق لە سەرووی هەموویانە سەرۆکوەزیران دەکەن، کە دەستبەجێ دەستوەردان بکات و رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی کەرکووک و پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی دانیشتووانەکەی، بە شێوەیەک کە پارێزگاری لە یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی بکات و رێگری بکات لە هەوڵەکانی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری لە پارێزگاکەدا.
 
هاوپەیمانیی عەرەبی و پارتی سیادە نیگەرانی خۆشیان دەردەبڕن سەبارەت بە بێدەنگی بەشداربووان لە حکومەتی خۆجێی سەبارەت بەم کێشە مەترسیدارە و دەستوەردان نەکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە