رووداو هەولێر
دادگەی کەلار بڕیاری دەستگیركردنی بۆ عومەر فەقێ دەرکرد. ئەو دەڵێت، "بڕیارەکە هەنگاوە یاساییەکانی نەبڕیوە و چەند کەسێک دەیانەوێت کەیسەکەی من بەلاڕێدا ببەن".
لە سەرەتای ئەم مانگە، عومەر مەحموود فەقێ، بانگخواز و چالاکڤان لە هەڤپەیڤینێکدا نموونە بە سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق هێنایەوە و لە بەشێکی قسەکانی دا گوتی: "گۆڕی پڕ نوور بێت." ئەمەش ناڕەزایی بەشێک لە چالاکڤان، رۆژنامەنووس و هاونیشتمانییانی لێکەوتەوە و لە داواکاری گشتی سکاڵایان لەسەر کرد.
لە سکاڵاکەدا 18 کەس بە ناونیشانی جیاواز واژۆیان لەسەر کردبوو و بەشێکیان کەسوکاری ئەنفالن. تێیدا هاتبوو: "داوا لە داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان دەکەین کە بەدواداچوون بۆ قسەکانی مامۆستا و بانگخواز و خاوەن کۆمپانیای عەقارات عومەر مەحموود فەقێ، دانیشتووی شاری هەولێر بکەن."
رۆژی سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025، ئەکرەم ساڵح رەشید، سەرۆكی كۆمەڵەی داكۆكی لە پرسی ئەنفال بە رووداوی گوت، "دوای ئەوەی 4ـی ئەم مانگە ژمارەیەكی بەرچاو لە كەسوكاری ئەنفالكراوان، هەر پێنج رێكخراوەكەی بواری جینۆساید لە گەرمیان، نووسەر و چالاكڤانی جینۆساید لەبەردەم دادگەی كەلار لەدژی قسەكانی عومەر فەقێ كۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی، دواتر لە 10ـی ئەم مانگە كۆمەڵەی داكۆكی لە پرسی ئەنفال لە بری هەمووان سكاڵای پێشكێش بە جێگرایەتی داواكاری گشتیی كەلار کرد."
سەرۆكی كۆمەڵەی داكۆكی لە پرسی ئەنفال دەڵێت، "دوای ئەوەی لەلایەن دادوەری دادگەی لێكوڵینەوەی كەلار گوتەی ئێمە و نوێنەری یاسای بەڕێوبەرایەتیی گشتیی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی گەرمیان وەرگیرا، نیوەڕۆی ئەمڕۆ بڕیاری دەستگیركردن بۆ عومەر فەقێ دەرچوو."
هاوکات عومەر محموود فەقێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چەند کەسێک دەیانەوێت کەیسەکەی من بەلاڕێدا ببەن، ئەم بابەتەی من گەورە کراوە و دەستێکی لەپشتە."
عومەر فەقێ لەبارەی ئەو هەڤپەیڤینەی کە سکاڵای لەسەرکراوە دەڵێت، "قسەی منە، من خۆم کردوومە، کەچی بەو مانایە وەرناگیرێت کە من دەیڵێم و لەدوای من و پێشی من لێکدانەوەی خراپی بۆ دەکەن."
لەبارەی بڕیاری دەستگرکردنەکەیەوە، عومەر فەقێ گوتی، "من ئاگادار نەکراومەتەوە لەوەی بڕیاری دەستگیرکردنم بۆ دەرچووە، بڕیارەکە هیچ هەنگاوێکی یاسایی نەبڕیوە و راستەوخۆ گەیشتوونەتە قۆناخی دەستگیرکردن، نازانم بگریم یان پێبکەنم بەم یاسایە."
عومەر فەقێ گوتیشی، "من جارێ هیچ لێدوانێکم نییە لەبارەی ئەم سکاڵایە، دوای راوێژکردن لەگەڵ پارێزەرەکانم، ئەوان لێدوانی من و قسەی من بە هەموو کەسێک رادەگەیێنین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ