رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی ئیمراڵی، گوتی "هیوادارین نیەتێکی جدی هەبێت بۆ پتەوکردنی برایەتی کورد و تورک." هەروەها دەڵێ "پرسی کورد بە چەک چارەسەر نابێت و دیالۆگ تاکە بژاردەیە"
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ (سێشەممە، 18-2-2025) لە دەباشان پێشوازی لە شاندی ئیمراڵی کرد، دوای ئەوەی شاندەکە پێرێ لەگەڵ سەرۆک بارزانی و دوێنێش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کۆبوونەوە.
لە دیدارەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوو، شاندی ئیمراڵی "سڵاو، رێز و پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان گەیاند، هەروەها بڕیار و سیاسەت و بژاردەکانی خۆشیان لەسەر رووداوە سیاسییەکانی ناوچەکە، پرسی ئاشتی لە تورکیا و گفتوگۆکانیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان روونکردەوە."
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "بافڵ تاڵەبانی وێڕای بەگەرمی بەخێرهێنانیان، بیروبۆچوونی خۆی و ستراتیژیی یەکێتی لەبارەی قۆناخی نوێی ئاشتی لە تورکیا بە راشکاوانە خستەڕوو و رایگەیاند، پشتگیری و پشتیوانی لەهەر دەستپێشخەرییەک دەکەین، کە مافی گەلەکەمان لە تورکیا دەپارێزێت و وەک یەکێتیش هاریکاریی سەرخستنی ئەم هەوڵە مێژووییە دەبین، کە بەردی بناخەکەی لە ساڵی (1993) سەرۆک مام جەلال داینا."
هەر لە دیدارەکەدا سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان روونیکردەوە، "تاوەکو پرسی کورد چارەسەر نەکرێت ناوچەکە ئاشتی و ئارامی سەرتاسەری بەخۆیەوە نابینێت، وەک گوتووشمانە پرسی کورد بە چەک و شەڕ نە چارەسەر دەبێت، نە ئەنجامی دەبێت، چونکە تاکە بژاردە؛ گەڕانەوەیە بۆ گفتوگۆ و دیالۆگی جدی. هیوادارین هەموومان دەربەست و پەرۆشانە کار بۆ سەرخستنی ئەم دەرفەتە مێژووییە بکەین لەسەر بنەمای هاوبەشی و برایەتی و پەرۆشی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئارامی."
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد "باوەڕمان بە برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە هەیە، هەرگیزیش نابینە هەڕەشە بۆ هیچ وڵاتێکی دراوسێمان و پەرۆشی ئەوەین هەموومان بە برایەتی و ئاشتی بژین، ئەمڕۆش دەستپێشخەر دەبین تاوەکو لەبری هەڕەشە زمانی دیالۆگ زاڵبکەین، دەستی برایەتی بۆ هەموولایەک درێژدەکەین، هیوادارین نیەتێکی جدی هەبێت بۆ پتەوکردنی برایەتی کورد و تورک و سەرخستنی ئەم هەوڵە نیشتمانییە."
نوێدەکرێتەوە...
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ