رووداو دیجیتاڵ
لە زانکۆی سۆران یەکەمین کۆڕبەندی پێشخستنی هێزی کار لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، سەرۆکی زانکۆکە دەڵێت، ''هەوڵدەدەین لە داهاتوودا سیستمی خوێندنی زانکۆکە بگۆڕین، بۆ ئەوەی زیاتر تێکەڵی بازاڕی کار بکرێت و ببێتە زانکۆیەکی زانستی-کرداری.''
ئەمڕۆ (یەکشەممە 18-02-2024) لە زانکۆی سۆران یەکەمین کۆڕبەندی پێشخستنی هێزی کاری لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. د. شێروان شەریف، سەرۆکی زانکۆکە لەکاتی بەشداریکردنی لە
بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە زانا کایانی و نالین حەسەن پێشکێشیان کرد، رایگەیاند، ئامانج لە کۆنفرانسەکە گفتوگۆکردنە لەسەر ئامادەکردنی زیاتری قوتابیان بۆ بازاڕی کار، ''ئەوەی کە چۆن دەرچووان و گەنجان سوود لە خوێندن وەربگرن و لە بازاڕی کاردا شوێنی خۆیان بکەنەوە.''
د. شێروان شەریف گوتی، ئەمە یەکەمین کۆڕبەندە، بەڵام لە ساڵانی داهاتووشدا بەردەوام دەبێت، گوتیشی ''سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کە بەشدارن لە پڕۆسەی سوودوەرگرتن لە هێزی کار، وەکو کۆمپانیاکان، کەرتی گشتی، زانکۆکان، پەروەردە و وەزارەتەکانی دیکە، بانگهێشتی کۆنفرانسەکە کراون.''
سەرۆکی زانکۆی سۆران باس لە ئاستەنگییەکانی بەردەم دەرچووانی زانکۆ دەکات بۆ دۆزینەوەی کار و دەڵێت، زانکۆکان نەیانتوانیوە لە پرۆسەی خوێندندا کارامەیی پێویست بە خوێندکاران ببەخشن، بۆ ئەوەی بتوانن لە بازاڕی کاردا بە ئاسانی کار بدۆزنەوە، هەروەها پەیوەندیی نێوان زانکۆ و بازاڕی کاریش لە ئاستی چاوەڕوانیدا نییە و کەرتی تایبەت و گشتی نەیانتوانیوە بەپێی پێویست ئەو پەیوەندییە لەگەڵ زانکۆکان دروست بکەن.
د. شێروان شەریف ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵدەدەن پەیوەندییەکی باشتریان لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆکە لە دوای دەرچوونیان هەبێت، گوتیشی ''هەرچەندە لە ئاستی چاوەڕوانیی ئێمەدا نییە، بەڵام بەشێکی زۆری دەرچووانی زانکۆکەمان توانیویانە کار بدۆزنەوە و لە بازاڕی کاردا شوێنی خۆیان بکەنەوە.''
شێروان شەریف ئەوەشی خستەڕوو، ''تەنیا ئەوە نییە، کە قوتابییان بۆ بازاڕی کار ئامادەبکرێن، بەڵکو پێویستە ئەو توێژینەوانەی لە زانکۆکان دەکرێن، لە بازاڕی کاردا بۆ باشترکردنی دۆخی پیشەسازیی هەردوو کەرتی تایبەت و گشتی سوودیان لێ وەربگیرێت.''
بەگوتەی سەرۆکی زانکۆی سۆران، چەندین توێژینەوەی جیاواز هەن کە راستەوخۆ زانکۆکە بە پیشەسازیی هەرێمی کوردستان و جیهان دەبەستنەوە، دەشڵێت، ''بۆ دۆزینەوەی هەلیکار بۆ دەرچووانی زانکۆکە، پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ حکومەت و کەرتی تایبەت هەیە، بەڵام لە ئاستی چاوەڕوانیی ئێمەدا نییە و پێویستە زۆر لەوە باشتر بێت.''
د. شێروان شەریف ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵدەدرێت لە داهاتوودا شووناسی زانکۆی سۆران و سیستمی خوێندنەکەی بگۆڕدرێت، ''بۆ ئەوەی بکرێتە زانکۆیەکی زانستی-کرداری و پەیوەندیی لەگەڵ بازاڕی کار باشتر بکرێت.''
وەک سەرۆکی زانکۆکە دەڵێت، سەرجەم رێکارەکان بۆ ئەو گۆڕانکارییە گیراونەتەبەر و تەنیا بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و ئەنجوومەنی وەزیران ماوە، دەشڵێت، ''لە ئەگەری قبووڵکردنی گۆڕانکارییەکەدا، ساڵی داهاتوو دەست بە کارەکانی دەکرێت.''
زانکۆی سۆران لە 1ـی ئەیلوولی 2009 دامەزراوە، زانکۆکە پێنج فاکەڵتیی زانست، ئەندازیاری، ئاداب، پەروەردە و یاسا لەخۆدەگرێت و ساڵانە چەندین توێژینەوەی زانستیی زانکۆکە لە گۆڤارە زانستییەکان بڵاودەکرێنەوە.
لە فەیسبووکی رووداوەوە؛ یەکەمین کۆڕبەندی پەرەپێدانی هێزی کار لە زانکۆی سۆران دەستیپێکرد