لە کۆڕبەندی پەرەپێدانی هێزی کار داوای گۆڕینی بەشێکی پرۆگرامەکانی خوێندنی زانکۆکان دەکرێت

19-02-2024
ئەندام جەبار
 کۆڕبەندی پەرەپێدانی هێزی کار لە هەرێمی کوردستان لە زانکۆی سۆران
کۆڕبەندی پەرەپێدانی هێزی کار لە هەرێمی کوردستان لە زانکۆی سۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

زانکۆی سۆران یەکەمین کۆڕبەندی "پەرەپێدانی هێزی کار لە هەرێمی کوردستان"ـی رێکخستووە، کە کەسانی خاوەن ئەزموون و هەڵگری بڕوانامەی تایبەتمەند بە توانستی خوێندکاران و هێزی کار، گفتوگۆ لەبارەی کێشەیەکی باو دەکەن؛ سوودنەبینین لە توانا و لێهاتوویی دەرچووانی زانکۆ لەلایەن کەرتی تایبەتەوە.
 
ڤینۆس موشیر، بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کار لە زانکۆی سۆران دەڵێ "لەم کۆڕبەندەدا زۆرتر قسە لەسەر چارەسەرەکان دەکرێت، چونکە باسمان کردووە کە گرفت هەن. چارەسەرەکان لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان و نێوان کەرتی تایبەت و گشتیدا چین؟ لێرە خەڵکی تایبەتمەند لەم بارەوە گفتوگۆ دەکەن." 
 
لەگەڵ باسکردنی کێشەکان، لە کۆڕبەندەکەدا چارەسەرەکانیش دەخرێنەڕوو. یەکێک لەو چارەسەرییانەش گۆڕینی بەشێکە لە پرۆگرامی خوێندن لە زانکۆکانی کوردستان.
 
د. ئەمیر چالی، راوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا بە رووداوی گوت "لە وەزارەتی خوێندنی باڵا لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتیی بریکاری وەزیر پێکهێنراوە، کە سەرپەرشتیی گۆڕین و ئەپدەیتی هەموو پرۆگرامەکانی خوێندن بکرێت، بە هاوبەشیکردن لەگەڵ کەرتی پیشەسازی، کەرتی تایبەت و پسپۆڕانی نێودەوڵەتی و نێوخۆ بەرەوە کۆنفرانسی گشتگیری گۆڕانکاریی پرۆگرامی خوێندن دەچین، کە لەگەڵ سەردەمی ئێستا و پێشکەوتنەکانی ئیش و کار لە هەموو جیهان و کوردستان بگوجێت."
 
لە هەرێمی کوردستان 16 زانکۆی حکومی و 18ـی تایبەت هەن. ساڵانە 40 هەزار خوێندکار تێیاندا دەبنە خاوەنی بڕوانامە، بۆ دەرچوون لە قەیرانی دەرچووان، سەرۆکی زانکۆکان پێشنیازیان هەیە. 
 
د. هۆشیار عەبدولعەزیز، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی گوتی "دەبێ دەرچووەکانمان توانا و لێهاتوویی خۆیان بەرزبکەنەوە بۆ ئەوەی بتوانن لە کەرتی تایبەتدا هەلی کاریان دەستبکەوێت و، جێگەی خۆیان بکەنەوە. من، پێمباشە لە کۆڕبەندەکانی داهاتوودا حکومەتیش بە شێوەی فەرمی و گەورەتر بێتە نێو پرۆسەکەوە، بۆ ئەوەی بە هەموو لایەکمان بتوانین چارەسەرە گونجاوەکە و ئامانجەکەمان بپێکین."
 
کۆڕبەندەکە ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و لە شەش پانێڵدا ستراتیژیی نەهێشتنی پرسی پەیداکردنی دەستی کار لەنێو زانکۆ و بازاڕدا دەخرێتەڕوو.
 
لە رۆژی یەکەمی کۆڕبەندی پەرەپێدانی هێزی کار لە هەرێمی کوردستان 10 پێشنیاز و راسپاردە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا. پانێڵیستەکان لەسەر دوو خاڵ کۆک بوون؛ یەکێکیان بەکولتوورکردنی کاری پێکەوەیی لەنێوان کەرتی تایبەت و گشتی، دووەمیشیان گۆڕانکاریکردن لە بەشێک لە پرۆگرامی زانکۆکان بە ئامانجی دەرچوون لە قەیرانی دەرچووان.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە