عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: کێشەی من و کاکە حەمە لەسەر لادانە لە پەیڕەوی حیزب

رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان نایشارێتەوە، کێشەی لەگەڵ سەرۆکی حیزبەکەیدا هەیە کە هاوکات برا گەورەشیەتی. دەڵێت، "ناکۆکیی ئێمە لەسەر شێوازی کارکردنە لەنێو حیزب، هەرچییەکیش لە چوارچێوەی پەیڕەو بکرێت، من پابەند دەبم پێیەوە، بەڵام کاری ناپەیڕەوی کراوە."
 
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەبارەی کێشەکان بە رووداوی راگەیاند، "پێم ناخۆشبوو کێشەکە بچێتە راگەیاندن و سۆشیاڵمیدیا، کرۆکی کێشەکە لەسەر کاری حیزبییە. لەکاتێکدا پەیڕەو هەموو دەسەڵاتەکانی دیاریکردووە، هەرچییەک لە چوارچێوەی پەیڕەو بکرێ من پابەندم."
 
لە سەرەتای ئەم مانگەوە گرژیی کەوتووەتە نێو حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، بە تایبەتی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی یانەی وەرزشیی بەختیاری. 
 
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود دەڵێت، "لە حیزبدا بە بڕیارێکی تاکلایەنە خەڵک دەرکراوە، فەرمانی دەرکردن و دامەزراندن دەردەکرێت بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی."
 
بە گوتەی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، "حەوت ئەندامی سەرکردایەتیی حیزب بەبێ گەڕانەوە بۆ پەیڕەو دەرکراون."
 
کێشەی ئەو دوو برایە کە یەکێکیان وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوانە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەکێکیشیان سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانە زیاتر کەوتە بەر باس و خواس دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 18-2-2024 لە گوڵەخانە کوڕی یەکێک لەو بەرپرسانەی گۆڕاوە، تەقەی کرد و گرژی دروستبوو. 
 
سەڵاح عەلی، بەرپرسی کاروباری پێشمەرگەی حیزبی سۆسیالیست (فەرماندەی هێزی سورێن)، ئەو بەرپرسەیە کە گۆڕاوە. ئەو بە کەسێکی نزیک لە عەبدوڵڵا حاجی مەحموود دادەنرێت. 
 
سەرچاوەیەک لە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت: "لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی، کە رۆژی پێنجشەممە بەڕێوەچوو، سەڵاح عەلی، بەرپرسی کاروباری پێشمەرگە بە بڕیاری سەرۆکی حیزب لە پۆستەکەی لادرا و لە شوێنی ئەویش حوسێن خەلیفە دانرا."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، فایەق مەهدی، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "یەک-دوو گولـلە تەقێندراون، لەوکاتەدا ئۆتۆمبێلەکانی کاکە حەمە لەوێ بوون، رەنگە کێشەیەکی ئاسایی لەنێوان دوو پێشمەرگەدا هەبووبێت، بڕواناکەم ئەوە بە فەرمانی حیزب کرابێت."
 
لەبارەی ئەو گۆڕانکارییە نێوخۆییانەی کە عەبدوڵڵا حاجی مەحموود گلەیی لێیان هەیە، فایەق مەهدی گوتی، "بەڵێ لادان و دانانی کادیران کراوە، بەڵام ئەوە کاری نێوخۆیی حیزبە و ئاساییە. هەر گۆڕانکارییەک کرابێت، کاری نێوخۆیی حیزب بووە. گۆڕانکارییەکان بەپێی پەیڕەو کراون، سکرتێر دەسەڵاتی یەکەمە و مەکتەبی سیاسیش کۆبووەتەوە و بڕیاری زۆرینە بووە."
 
کاتی دروستبوونی کێشەکە، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود لە بارەگای وەزارەتەکەی بووە لە هەولێر، دەڵێت، "لە نەبوونی خۆم، هێز چووبووە سەر ماڵەکەم، ئەمە کارێکی خراپە."
 
لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی عەبدوڵڵای حاجی مەحموود بۆ ماڵەکەی خۆی، فایەق مەهدی گوتی: "کاک عەبدوڵڵا، بەوپێیەی وەزیرە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر دادەنیشێت، ماڵەکەی وەکو خۆیەتی و دەتوانێت بگەڕێتەوە."
 
وەکو عەبدوڵڵا حاجی مەحموود باسی دەکات، "هەوڵێک هەیە بۆ ئاشتەوایی، هیوادارم بتوانین بە ئاشتییانە چارەی بکەین، من بڕوام بە چەک لە دەرەوەی سیستم و حکومەت نییە، لەگەڵ هێزی لابەلا نیم، دەبێ هێزەکان فەرمی بن و حیزب جووڵەیان پێنەکا، دەبێ وەزارەتی پێشمەرگە فەرمان بکات."
 
بەپێی ئەوا وێنانەی بڵاوکراونەتەوە، عەبدوڵڵای حاجی مەحموود، کە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی سۆسیالیستە لە دوایین کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەی، کە رۆژی پێنجشەممە لە گوڵەخانە کراوە، بەشداری نەکردووە.
 
دوای بەشدارینەکردنی عەبدوڵڵای حاجی مەحموود لە کۆبوونەوەکە، دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە کە بە بڕیاری سەرۆکی حیزب، لە حیزبەکە سڕکراوە، بەڵام عەبدوڵڵا حاجی مەحموود گوتی، "ئاگادار نیم لە حیزب سڕکرابم." هەروەها گوتی، "پەیڕەوی ناوخۆی حیزب هەیە، هەر گۆڕانکارییەک بکرێت، دەبێت بەپێی پەیڕەو بێت."
 
جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "هەوڵێک لە دەرەوی حیزب هەیە بۆ ئەوەی گرفتەکە چارە بکرێت، پێشتر هەوڵمدا گرفتەکە نەگاتە ئەم ئاستە، بەڵام لەدەستم دەرچوو، ئێستاش لە هەوڵی خۆم بەردەوام دەبم."
 
لەبارەی سەردانیشی بۆ لای سەرۆک بارزانی لە هەفتەی رابردوو و پەیوەندیی بە چارەکردنی کێشەکانیان، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود گوتی: "کاک مەسعود، سەرکردە و مەرجەعێکی گەورەی ئەم وڵاتەیە، لەوەتی بووم بە وەزیر، تەنیا جارێک بینیومە، بینینەکەشی هیچ پەیوەندییەکی بە کێشە نێوخۆییەکانی حیزبەکەمانەوە نەبووە."