رووداو دیجیتاڵ
ئەو شێفانەی هەرێمی کوردستان، کە لە شاری ئاڵانیای تورکیا بەشدارییان لە فێستڤاڵێکدا کردبوو دەڵێن، لەسەر ئاڵای کوردستان سووکایەتیی زۆریان پێکراوە، بەڵام دواجار پلەی یەکەمیان بەدەستهێناوە.
رێکخراوی ماڵی شێفەکان کە لە هەرێمی کوردستانەوە بانگهێشتی تورکیا کرابوون بۆ بەشداریی لە فێستڤاڵێکی تایبەت بە ئامادەکردنی خواردن، رۆژی 3-2-2024 لە هەولێرەوە بەرەو تورکیا بەڕێکەوتن. ماڵی شێفەکان بە ستافێکی شەش کەسییەوە لە شارۆچکەی ئاڵانیای سەر بە پارێزگای ئەنتاڵیا بەشدارییان لە فێستیڤاڵی ئامادەکردنی خواردن کرد. ئەوان دەڵێن لە تورکیا لەسەر ئاڵای کوردستان سووکایەتییان پێکراوە و تاوەکو گەڕاونەتەوە لە ژێر گوشاردا بوون.
هەریەک لە شلێر ئەحمەد و دەریا ئەحمەد زراری، کە دوو شێفی بەشداربووی فێستڤاڵەکە بوون، قسەیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و دەڵێن، "رۆژانێکی سەختیان تێپەڕاندووە."
شلێر ئەحمەد دەڵێت، کاتێک گەیشتوونەتە شوێنی پێشبڕکێکە بەهۆی ئەوەی لۆگۆی سەر سنگیان ئاڵای کوردستان بووە، کێشەیان بۆ دروستکراوە. شلێر ئەحمەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لۆگۆکەی سەر سنگمان هەردوو ئاڵای کوردستان و عێراق بوون. لیژنەی بەڕێوەبردنی فێستڤاڵەکە پێیگوتین؛ لەبەر ئەوەی ئاڵای کوردستان لەسەر پۆشاکتان هەیە، ئێوە لە فێستڤاڵەکە دەرکراون و بۆتان نییە بەشداری بکەن".
تیمی وڵاتانی عەرەبی هەڵوێست وەردەرگرن
دەریا ئەحمەد زراری کە یەکێک لە شێفە بەشداربووەکانە باسی لەوە کرد کە لیژنە بڕیاری خۆی دابوو و رەتیکردەوە ستافەکەی هەرێمی کوردستان بەشداری لە پێشبڕکێکەدا بکات و گوتی، "دوای بڕیارەکە تیمەکانی مەغریب، تونس و وڵاتانی دیکەی عەرەبی گوتیان ئەگەر کورد بەشداری نەکات، ئێمەش دەکشێینەوە. هەر بۆیە لیژنە ناچار بوو لە بڕیارەکەی پاشگەز ببێتەوە. بەڵام دیسانیشەوە رێیان نەدا بەو پۆشاکانەمان بەشداری بکەین ،کە ئاڵای عێراق و کوردستانی بە تێکەڵی لەسەر بوو. گوتیان ئاڵاکان لێبکەنەوە".
دوای ئەوەی شێفەکان قسەیان لەگەڵ یەکێک لە دادوەرانی پێشبڕکێی فێستڤاڵەکە کردووە، پێیانگوتراوە کە دەبێت ئاڵای کوردستانەکە لێبکەنەوە یان بیشارنەوە، دواتر بەشداری بکەن. سەرەڕای ئەوەی شێفەکانی هەرێمی کوردستان قبووڵیان کردووە ئاڵاکە لێبکەنەوە، دیسانیشەوە بەڕێوەبەرانی پێشبڕکێکە ئازاریان داون.
شلێر ئەحمەد باسی لەوە کرد لە بابەتی کاتی نمایشی ئامادەکردنی خواردندا چەندین دواخستن و گۆڕانکارییان کرد، گوتیشی، "سەرەتا بڕیار بوو کاژێر هەشتی بەیانی بڕۆینە سەر ستەیج، بەڵام کاژێر 12:00ش تێپەڕی هێشتا ناومان نەخوێندرایەوە. دواتر گوتیان هەشتی ئێوارە. واتا ئێمە 16 کاژێر لەو فێستڤاڵەدا لەسەر پێ وەستاین. ئەو کەرەستانەی داماننابوو، زۆر نەمابوو تێکبچێت. ئازاری زۆرمان بینی، بەڵام بە ورەیەکی بەرز بەشداریمان کرد و خواردنمان ئامادەکرد."
"رێکخراوی ماڵی شێفەکان یەکەم بوو"
ئەو شێفە بە رووداوی گوت، کە لە رۆژانی دووەم و سێیەمی فێستڤاڵەکەس هەمان مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە، بەردەوام کاتی نمایشیان گۆڕیوە بۆ ئەوەی بێزاریان بکەن، بەڵام ئەوان کۆڵیان نەداوە و لە کۆتاییدا پلەی یەکەمی فێستڤاڵەکەیان بەدەستهێناوە.
هەروەها دەڵێن، لەکاتی دابەشکردنی مەدالیاکانیشدا گرنگییەکی ئەوتۆیان بە پلەی یەکەم نەداوە، بەڵکو بگرە زیاتر گرنگییان بە پلەکانی دووەم و سێیەم دا. بە جۆرێک خەڵاتەکانی پلەی یەکەم کە شایستەی رێکخراوی شێفەکانی کوردستان بوو، بە یەکجار دراوە و گوتوویانە خۆتان دابەشی بکەن. تەنیا چەند مەدالیایەکیان پێشکێش کردووە.
بۆچی نەکشانەوە؟
سەبارەت بەوەی کە بۆچی دوای سووکایەتیکردن بە ئاڵای کوردستان، نەکشاونەتەوە، دەریا ئەحمەد گوتی، "سەرەتا کاردانەوەیەکی وەها دروستبوو، بەڵام دواتر بڕیارماندا بەردەوام بین. دۆخەکە زۆر مەترسیدار بوو و ئێمەش هەستمان بە ئاسایش نەدەکرد. چونکە ئەوان کاژێر 2ـی شەو هەڵیانکوتایە سەر هۆتێلەکەمان. راستییەکەی هەمووانیان تۆقاند. سەرەڕای ئەم دۆخەش دوای ئەوەی سەرۆکی رێکخراوی بەغدا و سەرۆکی رێکخراوی هەرێمی کوردستان کاتێک گفتوگۆیان لەسەر بابەتەکە کرد، بریاری کشانەوەمان دا. بەڵام هەروەک گوتم، وڵاتانی عەرەبیش کە لەبەر ئێمە کشانەوەیان لە فێستیڤاڵەکە راگەیاند، کە ئەمە بە واتای هەڵوەشانەوەی فێستیڤاڵەکە دێت."
"کوردانی تورکیا بوێرانە داکۆکییان لە ئێمە دەکرد"
دەریا ئەحمەد زراری باسی لەوە کرد لەو کاتانەی گوشاری زۆریان لەسەر بوو و بە هەموو جۆرێک هەوڵی سانسۆرکردن و بێزارکردنیان دەدرا، ئەو شێفانەی لە شارە کوردییەکانی تورکیاوە بەشدارییان کردبوو، زۆر بوێرانە داکۆکییان لە مافی شێفەکانی هەرێمی کوردستان کردووە. بگرە زۆر جار لەسەر ئەوان دەمەقاڵێی تووندیان لەگەڵ لیژنە و بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵەکە کردووە.
لە کاتی کۆنفرانسەکە سانسۆر لەسەر ئاڵای کوردستان دانراوە، جگە لەوەش شێفەکانی وڵاتانی بەشداربوو خۆیان چوونەتە سەر کەناراو بۆ ئەوەی وێنە بگرن. ئەوە بەشێک نەبووە لە فێستیڤاڵەکە و چالاکیی بەشداربووان خۆیان بووە. شلێر ئەحمەد دەڵێت، "بەشداربووانی وڵاتان ئاڵای خۆیانیان دەرکرد و وێنەیان لەگەڵی گرت. منیش ئاڵای کوردستانم لەگەڵ خۆم بردبوو. لەوێ دەرمانهێنا و وێنەمان گرت. شەو هەواڵگری و ئاسایش هاتنە هۆتێل."
لەو بارەیەوە دەریا ئەحمەد زراری گوتی، "کاژێر دووی شەو چەند کەسێک بە جلی مەدەنی و سەربازی چواردەوری هۆتێلیان گرت. ئینجا هاتن و گوتیان، دەبێت ئێوە بگەڕێنەوە و ناشبێت بەشداری لە فێستیڤاڵ بکەن. داوای ئاڵای کوردستانیان کرد، سەرەتا نەماندا، بەڵام دواتر ئاڵاکەمان پێدان. ئەوان وێنەی ئێمەیان گرت و کۆدیکیشیان لەسەر مۆبایلمان دانا و یەکێکیان سووکایەتی کرد."
"لە فڕۆکەخانەی هەولێریش رێگە نەدرا ئاڵای کوردستان هەڵبکەین"
شێف شلێر ئەحمەد باس لەوە دەکات کە ئەوان تاوەکو ئەو کاتەی گەڕاونەتەوە هەر لە نێو ترس و دڵەڕاوکێ بوون. چونکە دڵنیانەبوون لە فڕۆکەخانەی تورکیا کێشەیان بۆ دروستدەکەن یان نا. شلێر ئەحمەد گوتی، "هەر چۆنێک بێت گەیشتینەوە هەرێمی کوردستان. کەسوکارمان کە لە دوورەوە هاوخەمیی ئێمەیان کردبوو و لەگەڵمان بوو و رۆژانە دڵیان لامان بوو، بە لافیتە و ئاڵای کوردستانەوە هاتبوونە فڕۆکەخانە بۆ پێشوازی. بەڵام لامان سەیر بوو کە سکیوریتیی بەر دەرگای فرۆکەخانەی هەولێر، رێگەیان نەدەدا کەسوکارمان لافیتە و ئاڵا بەرزبکەنەوە و بەوجۆرە پێشوازیمان لێ بکەن. ئەمەش سووکایەتییەکی دیکە بوو بۆ ئێمە کە چووینەتە وڵاتێکی دیکە بۆ ئەوەی کولتووری خۆمان بناسێنین."
ماڵی شێفەکانی کوردستان پێشتر چەندین چالاکیی تایبەت بە ئامادەکردنی خواردنی سازکردووە. رۆژی 2-10-2023 لە شاری هەولێر (فێستڤاڵی نێودەوڵەتیی چێشتلێنان)ـی بە بەشداریی 32 وڵات بەڕێوەبرد. لەو فێستیڤاڵەدا هەریەک لە پارێزگاری هەولێر و وەزیری گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادە بوون.
دەریا ئەحمەد زراری بە ئاماژەدان بەو چالاکییانە گوتی، "ئێمە رێکخراوێکی یاسایین و هاوئاهەنگیمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەبووە و لەلایەن وەزارەتی گەشتوگوزارەوە خەڵات کراوین. باشە بۆچی رێگە نادەن لە نێوجەرگەی وڵاتی خۆمان ئاڵای کوردستان هەڵبکەین!"
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر: نەگوتراوە ئاڵای کوردستان قەدەخەیە
لەسەر ئەم بابەتە تۆڕی میدیایی رووداو پەیوەندیی بە ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرد. ئەحمەد هۆشیار رەتیکردەوە ئاڵای کوردستان لە هیچ شوێنێکی فڕۆکەخانە قەدەخە بێت و گوتی، "ئەو شوێنە دەرگەی هۆڵی پێشوازییە و ئەوانەی پێشوازییان لە کەسوکاریان کردووە لەسەر دەرگەکە وەستاون. زووتر دوو جار ستافی فڕۆکەخانە پێیانگوتوون کە سەر دەرگەکە مەگرن، چونکە ئەوە تاکە دەرگەی دەرچوونی گەشتیارانە و قەرەباڵخی دروست دەبێت. ئەوان کێشەیان لەگەڵ ئاڵا نەبووە، تەنیا گوتوویانە سەر دەرگاکە چۆڵ بکەن."
ئەحمەد هۆشیار هەروەها جەختیکردەوە کە داوای تەواوی تۆمارەکانی کامێرای چاودێری کردووە و بەدواداچوونی زیاتریش لەبارەی بابەتەکە دەکات. هەروەها سەبارەت بە بەکارهێنانی وشەی 'قەدەخە' بۆ ئاڵای کوردستان، گوتی، "مەحاڵە کارمەندێکی فڕۆکەخانە بوێریی ئەوەی تێدا بێت قسەیەکی وەها بکات. بەڵام ئێمە رێسایەکی جێگیر و نەگۆڕمان هەیە."
نابێت بە هیچ شێوەیەک دەرگای گەشتیار بگیرێت. چونکە ئێمە فەرمانگەیەکین خزمەتگوزاری پێشکێشی گەشتیاران دەکەین. جا ئەو گەستیارە کورد یان عەرەب بێت، گرنگ ئەوەیە گەشتیارە".
لە تێرمیناڵی زۆر لە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی جیهاندا شوێنی تایبەت بەو کەسانە هەیە کە لە دەرەوەی وڵاتەوە بە دەسکەوت و ئەنجامەوە دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان. ئەوان پێشوازییەکی نیشتمانی دەکرێن و زۆر جاریش بەرپرسان دێنە پێشوازی و پیرۆزبایی.
ئەحمەد هۆشیار رایگەیاند، کە شوێنێکی لەو جۆرەیان نییە و رووبەری شوێنی کارکردنیان زۆر سنووردارە، گوتیشی، "ئێمە تەنانەت شوێنی پێویستمان بۆ گەشتیاران نییە. ئێستا لە تێرمیناڵ دوو شوێنی جانتامان هەیە و چی هەوڵدەدەین زیاتری بکەین، بۆمان ناکرێت. رووبەرەکە بچووکە. کاتێک فڕۆکەخانە دروستکراوە حیسابی 700 هەزار گەشتیار بۆ ساڵێک کراوە. ساڵی 2023. دوو ملیۆن گەشتیاری تێپەڕاندووە. ئێستا خەریکی ماستەرپلانی فڕۆکەخانەین و لە پلانماندا هەیە کار بۆ ئەم جۆرە پێشوازییەش بکەین."
ماڵی شێفەکانی کوردستان
رێکخراوی ماڵی شێفەکانی کوردستان کانوونی دووەمی 2023 بە فەرمی دامەزراوە و ئێستا نزیکەی 40 ئەندامی هەیە. ئەندامەکانی شێفی خاوەن بڕوانامەن و بەشێکیشیان بوونەتە راهێنەر لە بوارەکە. ئەو رێکخراوە بەشداریی لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا کردووە و نووسراوی فەرمییان لەو وڵاتانەوە ئاراستە دەکرێت کە فێستڤاڵەکەی تێدا بەڕێوەدەچێت.
ئەو شێفانەی بەشدارییان لە فێستڤاڵەکەی تورکیادا کردووە:
ئەحمەد زراری، سەرۆکی رێکخراو (64 ساڵ)
دەریا ئەحمەد زراری، شێف (33 ساڵ)
شلێر ئەحمەد بارزانی، شێف (38 ساڵ)
محەممەد ئەمجەد، شێف (34 ساڵ)
زانا ئیسماعیل، شێف (35 ساڵ)
کەزیبان عەزیز، شێف (54 ساڵ)
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ