دەرمان گەیشتە نەخۆشخانەی عەفرین و دەیان باڵەخانە لە باکووری کوردستان دەڕووخێندرێن


رووداو دیجیتاڵ

چیرۆکی تاڵی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە بەردەوامە و هاونیشتمانی و هاووڵاتییان داوای هاوکاریی زیاتر دەکەن. لە ئامەد دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 11 رۆژ بەسەر روودانی بوومەلەرزەکە، تەرمی دوو هاووڵاتی لەژێر داروپەردوو دەرهێندرا. دەرمانیش گەیشتە نەخۆشخانەی عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان و لە باکووری کوردستانیش دەیان باڵەخانە دەڕووخێندرێن.
 
شاری ئیسلاحییەی پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان، یەکێک لەو ناوچانەیە کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. ژمارەی دانیشتووانی ئیسلاحییە نزیکەی 60 هەزار کەسە و نزیکەی 70٪ـی ژێرخانی ئەو شارە بە تەواوی وێران بووە.
 
هێشتا ژمارەیەک تەرم لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا لە دیلۆک ماوە
 
پەیام سەربەست، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو لە ئیسلاحییە ئەمڕۆ شەممە، 18-2-2023، رایگەیاند، ماوەی چەند رۆژێکە گەڕان بەدوای تەرمەکاندا لەو باڵەخانانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە رووخاون، کۆتاییهاتووە و لەلایەن حکومەتەوە بڕیاری وەستانی دراوە.
 
 
هاونیشتمانییان لە بڕیارەکەی حکومەت ناڕازین و دەڵێن: ''هێشتا تەرمێکی زۆر لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا ماون،'' بەڵام حکومەت ئێستا قۆناخێکی نوێی دەستپێکردووە و ئەو باڵەخانانەی کە مەترسیی داڕمنیان لەسەرە، دەیڕووخێنێت.
 
پەیام سەربەست کە قسەی لەگەڵ بەشێک لە هاونیشتمانییان کردووە، ئەوان گلەیی لە دۆخی ژیانیان دەکەن و دەڵێن، لە ئیسلاحییە دۆخیان خراپە و لەم کاتە ساردەدا بەشێکی زۆریان لەنێو خێوەت دەمێننەوە تەنانەت بەشێکیان خێوەتیشیان بەرنەکەوتووە و پەناگەیەکیان بۆ خۆیان دروستکردووە.'
 
نێردراوی رووداو لە ئیسلاحییە باسی لە کەمیی ئاو و نەبوونی کارەبا کرد و رایگەیاند، تەنیا لە یەک گەڕەکی شارەکە شەوانە چەند کاژێرێک کارەبا هەیە و لە گەڕەکەکانی دیکە بە تەواوی کارەبا پچڕاوە.

 

 
لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە لەم وەرزە ساردەدا تەنیا ئومێدیان بۆ گەرمکردنی خێوەتەکان، سووتاندنی دارە. تیمەکانی ئافاد رۆژانە بە بارهەڵگر دار بە لێقەوماوان دەدەن بۆ ئەوەی سۆپای نێو خێوەتەکانی پێ دابگیرسێنن و خۆیان گەرم بکەنەوە.
 
هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هەرێمی کوردستانیش لای ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانیاینی ئیسلاحییە پێشوازی لێ دەکرێت. 
 
عەقید تەحسین ئاکرەیی، سەرۆکی تیمی فریاگوزاریی هەرێمی کوردستان لە ئیسلاحییە ئەمڕۆ شەممە بە حەیدەر دۆسکی، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''تاوەکو ئێستا 12 تەرممان لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا هێناوەتەدەر و دوو کەسیشمان بە زیندوویی رزگار کردووە.''

 

 
دانیشتووانی ئیسلاحییە تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە خۆیان خواردن دروستبکەن، لەبەر ئەوەی هیچ کەلوپەلێکی پێویستیان بۆ دروستکردنی خواردن نییە، بەڵام دەزگا خێرخوازییەکان خۆراک و خواردنەوە پێشكێش دەکەن بۆ ئەوەی زیانلێکەوتووان رۆژانە سێ ژەم خواردنی گەرم وەربگرن.
 
پەیام سەربەست دەڵێت، رێگە بە هیچ هاووڵاتییەک نادرێت بچێتەوە نێو خانوو و باڵەخانە زیانبەرکەتووەکەی، لەبەر ئەوەی تیمەکان ''پشکنین بۆ باڵەخانەکان دەکەن و دواتر بە هاووڵاتییان دەگوترێت کە دەتوانن بچنەوە بۆ خانوو و شوقەکەیان یان مەترسیی داڕمانیان لەسەرە.'' 
 
بەگشتی لە پارێزگای دیلۆک، پشکنین بۆ 156 هەزار و 482 باڵەخانە کراوە کە 12 هەزار و 964 باڵەخانە زیانی زۆریان بەرکەوتووە و پێویستە بڕووخێندرێن کە زۆربەی باڵەخانەکانی ئیسلاحییەش دەگرێتەوە. وەزارەتی دادی تورکیا راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە، تاوەکو ئێستا 83 بەڵێندەر و خاوەن کۆمپانیا دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵ 62 کەسی دیکەش بەردەوامە.

 

 
هاوکارییەکان بۆ زیانلێکەوتووان لە سەمسوور لە ئاستێکی کەمدایە
 
نایف رەمەزان، نێردراوی رووداو لە سەمسوور دەڵێت، لە زۆربەی ناوچەکانی ئەو پارێزگایە هاوکاری لە ئاستێکی کەمدایە و هەندێک ناوچەش هیچ هاوکارییەکی پێنەگەیشتووە.
 
نایف رەمەزان ئەمڕۆ شەممە گوتی، زۆربەی هاووڵاتییان خۆیان خێوەتیان دابینکردووە، هەروەها لە سەمسوور کارەبا نییە سۆپا بەکاربهێندرێت؛ بۆیە خەڵک ''بۆ گەرمکردنی خێوەتەکان سوود لە دار، کارتۆن و هەر شتێکی دیکەی هاوشێوە وەردەگرن.''
 
هاووڵاتییەکی رزگاربوو لە بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات بە ناوی نوسرەت کە لەگەڵ هاوژینەکەی لە خێوەتدا دەژین بە نایف رەمەزانی گوت: ''هیچ پێداویستییەکمان بۆ دابین نەکراوە و پێویستیمان بە ئاو، خواردن، سۆپا و شتی دیکەیە. ئەگەر هاوین بووایە لە دەرەوە دەبووین، بەڵام ئێستا زستانە و هەوا ساردە. رەوشی ژیانمان هیچ باش نییە.''
 
هاوژینەکەی گلەیی لە حکومەتی تورکیا کرد و گوتی: "چوار بۆ پێنج کاژێر لەژێر داروپەردوو ماینەوە، بەڵام نە ئافاد و نە حکومەت بۆ رزگارکردنمان نەهات. بە زەحمەت خۆمان رزگارکرد و من بریندارم. ئەوە ژیان نییە ئێمە هەمانە. ناتوانین سەرمان بشۆین. هیچ هاوکارییەکمان پێناگات. ئافاد زۆر درەنگ گەیشتە لای ئێمە".

 

 
تەرمی دوو هاووڵاتی لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکان لە ئامەد دەرهێنرا
 
عەبدولسەلام ئاکنجی، پەیامنێری تۆری میدیایی رووداو لە ئامەد باسی لەوە کرد، ئێوارەی رۆژی، 17-02-2023، تەرمی دوو ژن لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا دەرهێنرا کە تەمەنی یەكێکیان لەنێوان 25 ساڵ بۆ 30 ساڵ و ئەوی دیکەشیان تەمەنی کەمتر بوو.
 
رۆژی هەینی لە ئامەد تەنیا لە یەک باڵەخانەدا کاری گەڕان بەدوای تەرمی هاووڵاتییان بەردەوام بوو کە دوای دۆزینەوەی تەرمی ئەو دوو هاووڵاتییە ئەویش کۆتاییهات. عەبدولسەلام ئاکنجی لە نزیک باڵەخانەکە گوتی، هەر لەم باڵەخانەیەدا 89 تەرم دەرهێندراون و 112 کەسیش بە برینداری رزگار کراون.
 
بەپێی دوایین ئامارەکان، تاوەکو کاژێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆی رۆژی شەممە، ژمارەی گیانلەدەستدراوان لە ئامەد گەیشتووەتە 407.
 
عەبدولسەلام ئاکنجی گوتی، جموجووڵێکی زۆر لە ئامەد هەیە و دووکانەکان کراونەتەوە. گوتیشی، تیمەکانی ئافاد و حکومەت ئەو کەسانەی کە باڵەخانەکانیان زیانی بەرنەکەوتووە ئاگادار دەکەنەوە کە دەتوانن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.
 
پەیامنێرەکەی رووداو ئاماژەی بەوەدا، ئەو باڵەخانانەی کە لە ئامەد بڕیاری رووخاندنیان دراوە، ژمارەیان گەیشتووەتە هەزار باڵەخانە کە دوو رۆژ لەمەوپێش 643 باڵەخانە بوون.

 

 
دەرمان دەگاتە نەخۆشخانەی عەفرین 
 
تیمە تەندروستییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ گەیاندنی دەرمان و چارەسەریی نەخۆشەکان لە هەموو شوێنەکانی جندرێس دەگەڕێن و سەرقاڵی گەیاندنی خزمەتگوزارین بە برینداران و نەخۆشەکان.
 
دکتۆر عەباس ئازاد، بەڕێوەبەری تیمە تەندروستییەکانی دەزگای خێرخوزایی بارزانی لە جندرێس ئەمڕۆ شەممە بە هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ''ئەوە سێیەم رۆژە ئێمە کار و چالاکییەکانمان لە جندرێس ئەنجام دەدەین و زیاتر لە هەزار و 500 نەخۆش لەو ماوەیەدا بینراون.''
 
ئەو بەڕێوەبەرە باسی لە چالاکییەکانی تیمی تەندروستیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد و گوتی، بۆ بریندارانی ژێر داروپەردووی باڵەخانەکان برینپێچی دەکرێت و هەروەها ''ئەوانەی لە دەرەوەی ماڵەکانی خۆیان دەژین و بەهۆی ساردبوونی هەوا تووشی پەتای وەرزی و سەرما هاتوون، بە تایبەتی منداڵ، ئافرەت و بەتەمەنەکان چارەسەریان بۆ دەکرێت''.
 
ئەو دکتۆرە ئاماژەی بەوەش کرد، بارێکی دەرمان گەیشتووەتە نەخۆشخانەی عەفرین و گوتیشی، ''دەرمانەکە لەسەر داوا و لیستی نەخۆشخانەی عەفرینە و ئێمە بەپێی هەڵسەنگاندنەکان هەرچی پێویست بێت، بەپێی پێداویستییە هەنووکەییەکان دابینی دەکەین.''
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتووە، تیمەکانی فریاگوزاری لە ماوەی کەمتر لە 10 رۆژدا لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، گیانلەدەستدانی زیاتر لە 1000 کەسیان راگەیاندووە. هەروەها 270 خانوو و باڵەخانەش بە تەواوی رووخاون و 1110 خانوو باڵەخانەش زیانیان بەرکەوتووە و بە کەڵک نەماون. 
 
بەرەبەیانی رۆژی 6ـی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەک کە چەقەکەی مەرەش بوو، 10 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان، هەروەها رۆژئاوای کوردستان و سووریاشی گرتەوە. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 45 هەزار کەس لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریا گیانیان لەدەستداوە و بە دەیان هەزار کەسیش بریندار بوون.