گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریا 45 هەزار کەسی تێپەڕاند
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتەوە لە باکوور و رۆژئاواوی کوردستان و تورکیا و سووریا 45 هەزار کەسی تێپەڕاند. حکومەتی سووریا رێگە بە گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتییەوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن نادات.
ئامارەکانی تورکیا پێشانی دەدەن، تاوەکو ئێستا 39 هەزار و 672 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، سەروو پێنج هەزار و 800 کەس لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا گیانیان لەدەستداوە.
خاچی سوور: دیمەشق رێگە بە گەیاندنی هاوکاری نادات
لە دوایین هەوڵدا تیمەکانی رزگارکردن لە پارێزگای هاتای تورکیا، پیاوێکی تەمەن 45 ساڵیان لەدوای 278 کاژێر واتە لەدوای 11 رۆژ و 14 کاژێر بە زیندوویی لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی رووخاودا دەرهێنا.
ئەوەی کە پەیوەندی بە دۆخی نێو سووریاوە هەیە، کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور دەڵێت، داوای کردووە هاوکاریی مرۆیی لە دیمەشقەوە بگەیێندرێتە ناوچەکانی ژێر دەستی گرووپە چەکدارە نەیارەکانی حکومەت، بەڵام بەرپرسانی سووریا داواکەیان رەتکردووەتەوە.
فابریزۆ کاربۆنی، بەڕێوەبەری خاچی سووری نێودەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت: "هەوڵماندا بچینە نێو ئیدلیب، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا رێگەمان پێنادرێت".
تەرمی سەروو 1,500 پەناخوازی سووریایی گەڕێندراوەتەوە
بەرپرسانی دەروازەی بابلهەوا باس لەوە دەکەن تاوەکو ئێستا تەرمی لانیکەم هەزار و 522 کەس لە تورکیاوە گەڕێندراونەتەوە بۆ ئەوەی لە سووریا بەخاک بسپێردرێن.
هاووڵاتییە رزگاربووەکانی سووریاش دەستیان کردووە بە گەڕانەوە لە تورکیاوە. بەرپرسانی دەروازەکە ئاماژە بەوەش دەکەن، رۆژی چوارشەممە نزیکەی هەزار و 795 هاووڵاتیی سووری لە تورکیاوە چوونەتەوە نێو سووریا، ئەوەش یەکەم رۆژە دوای ئەوەی تورکیا رەزامەندیی دەربڕی لەسەر ئەوەی ئەو پەناخوازە سوورییانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، بەشێوەیەکی کاتی بگەڕێنەوە سووریا بەبێ ئەوەی ئەو مافی مانەوەیەی کە پێشتر پێیاندراوە، لێیان وەربگیرێتەوە.
ئەم بڕیارە رێگە بە هەڵگرانی کارتی پاراستنی کاتیی تورکیا دەدات کە لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزەدان نیشتەجێن، بەبێ ئەوەی پێویست بکات مۆڵەتی گەشتکردن لە دەسەڵاتدارانی تورکیا وەربگرن، بپەڕنەوە بۆ نێو سووریا، لەکاتێکدا لە باری ئاساییدا، لە ئەگەری گەڕانەوەی پەناخوازەکان بۆ سووریا، تورکیا مافەکەی هەڵدەوەشاندەوە و رێگەی نەدەدا بۆ ماوەی پێنج ساڵی دواتر پێ بنێنەوە نێو تورکیا.
178 بارهەڵگری نەتەوە یەکگرتووەکان چوونەتە نێو سووریا
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە رۆژی 9ـی شوباتەوە 178 بارهەڵگری هاوکارییان بۆ باکووری رۆژئاوای سووریا ناردووە.
رۆژی هەینی 17ـی شوبات، جێنس لارکی، گوتەبێژی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوئاهەنگیی کاروباری مرۆیی گوتی، بارهەڵگرەکان کەلوپەلی شەش ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکانیان گواستووەتەوە کە بریتی بوون لە چادر، دۆشەک، بەتانی، جلوبەرگی زستانە، کیتی پشکنینی کۆلێرا، دەرمانی پێویست و خۆراک.
فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی ئەم دواییە 50 هەزار خێزان لە باکووری رۆژئاوای سووریا پێویستیان بە خێوەت یان پەناگەی فریاگوزاری هەیە و لانیکەم 88 هەزار خێزانیش پێویستیان بە دۆشەک و بەتانی و جلوبەرگە. جگە لەوەش، هاوبەشەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن نەخۆشخانەکان و ناوەندە پزیشکییەکان "پڕبوون و کەم سەرچاوەیان هەیە".
تەندروستیی جیهانی داوای 84 ملیۆن دۆلار دەکات
رۆژی هەینی 17ـی شوبات، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، بۆ ئەوەی هاوکاریی پزیشکی بگەیێننە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزە لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریا پێویستیان بە 84.57 ملیۆن دۆلارە. ئەوەش رۆژێک دوای ئەوە دێت کە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای یەک ملیار دۆلاری کرد بۆ ئەوەی بۆ ماوەی سێ مانگ هاوکاریی مرۆیی بداتە لیقەوماوانی بوومەلەرزە.