رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی کۆبوونەوەی دوێنێی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، داوایکردووە هاوکاریی کوردانی ئێزدی بکات بۆ زانینی چارەنووسی بێسەروشوێنانی شنگال. دەشڵێت، ئەرکی حکومەتی عێراقە شنگال ئاوەدان بکاتەوە بۆ گەڕانەوەی کوردانی ئێزدی بۆ شوێنی خۆیان.
نادیە موراد، باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی هەینی، 17-02-2023، لە میونشن لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە هەڤپەیڤینێکدا کە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا لەگەڵی ئەنجامیداوە، دەڵێت، هەوڵ دەدات سەرۆکوەزیرانی عێراقیش ببینێت؛ هاوکات باس لە بڕیاری بەجینۆسیادناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا دەکات و دەڵێت: "بۆ ئێمە گرنگ بوو، بەتایبەت کە زیاتر لە 150 هەزار ئێزدی لە ئەڵمانیا دەژین".
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ نادیە موراد:
رووداو: لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوویتەوە. کۆبوونەوەکە چۆن بوو؟
نادیە موراد: لێرە پانێڵێکمان بەڕێوەبرد و لەگەڵ چەندین سەرکردە و سیاسییدا قسەمان کرد. لەگەڵ کاک نێچیرڤانیش قسەمان کرد؛ زۆر گرنگ بوو کە بابەتی ئێزدییەکان، شنگال و ناوچەکە بهێنینە ئێرە بۆ ئەوەی بزانن چەند کار [پێویستە بکرێت] بۆ ئەوەی خەڵک بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان. پێش دوو هەفتە من لە شنگال بووم و خەڵكی خۆمانم بینی کە زۆر پێویستیان بە هاوکارییە بۆ ئەوەی بتوانن ماڵ و زێدی خۆیان ئاوەدان بکەنەوە. من و کاک نێچیرڤان زیاتر باسی ئەوەمان کرد کە هێشتا دوو هەزار و 800 ئێزدی بێسەروشوێنن. ئێمە دەمانەوێت بزانین ئەو کەسانە لە ژیاندا ماون یان چییان بەسەرهاتووە. ئەو کچ و ژن و منداڵانەی لە سووریان، کە هەندێکیشیان لەگەڵ خێزانەکانی داعشدا لە تورکیان چییان بەسەرداهاتووە. هیوادارین بەڕێزیان هاوکاریی ئێمە بکات و بتوانین پێکەوە کاربکەین و خەڵکی ئێمە جارێکی دیکە بە شکۆوە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و لە سەقامگیرییدا بژین.
رووداو: 31ـی مانگی رابردوو لەگەڵ ئەنجیلینا جوولی، ئەکتەری نێوداری ئەمریکی سەردانی شنگالت کرد. جوولی دەیەوێت چی بۆ شنگال و ئێزدییەکان بکات؟
نادیە موراد: دەیوست بچێتە شنگال و خۆی بیبینێت و بزانێت کە چەند دەستدرێژی لە ژنان و کچانی ئێمە کراوە و چەندە پێویستیان بە هاوکاری و پشتیوانییە. ئەو کەسانەی بەهێزن گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، بەڵام کە گەڕاونەتەوە پێویستییان بە هاوکاری و پشتیوانییە. ئەو دەیویست پەیامی ئەوان بزانێت و بیگەیێنێت و جیهان بیبینێ کە راستە داعش چەند ساڵێکە کۆتایی هاتووە، بەڵام کێشە و گرفتەکانی ئەوان کۆتاییان نەهاتووە و خەڵکیشیان لەژێر دەستی داعشدا ماون. ئێمە هیوادارین حکومەتی عێراقیش بتوانێت هاوکاری ئەو کەسانە بکات گەڕاونەتەوە شنگال کە ژمارەیان 150 هەزار کەسە و ماڵی زۆرینەیان تێکچووە و دەبێت جارێکی دیکە ئاوەدانبکرێنەوە و ژیانێکی نوێ دەستپێبکەن.
رووداو: هیچ پڕۆژەیەکت بۆ ئاوەدانکردنەوی شنگال و هاوکاریی ئێزدییەکان هەیە؟
نادیە موراد: ئێمە هەوڵ دەدەین، بەڵام هەندێک شت هەن لە توانای ئێمە گەورەترن. ناوچەکە پێویستی بە ئەمنییەت و سەقامگیرییە، پڕۆژەی گەورەی دەوێت، خەڵکێکی زۆر ماڵیان وێران بووە. ئەوە بە مرۆڤێک ناکرێت و ئەرکی دەوڵەتە و دەبێت ئاوەدانی بکاتەوە و پڕۆژەی گەورەی بۆ ببات.
رووداو: ئەنجلینا جوولی خۆی ویستی سەردانی شنگال بکات یان لەسەر داواکاریی تۆ بوو؟
نادیە موراد: بۆ من زۆر گرنگە خەڵک خۆی شنگال ببینێت، خەڵک بەناوی ئێمەوە قسە دەکەن. ئێمە دەمانەوێت کەسانی وەکو ئەنجلینیا، کەسانی سیاسیی یان میدیاکار و رێکخراوەکان بچن و هەست بە ئێمە بکەن. ئێمە دەمانەوێت خەڵک هاوکاریی ئێمە بکات و هەست بە ئێزدییەکان و کێشەکانیان بکات.
رووداو: لێرە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبینیت؟
نادیە موراد: هەوڵدەدەین.
رووداو: چەند گرنگ بوو کە پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید ناساند؟
نادیە موراد: زۆر گەورە بوو، بەڵام بە راستی درەنگ کەوت. بۆ ئێمە گرنگ بوو کە بڵێن ئەوەی بەسەر ئێزدییەکاندا هاتووە جینۆسایدە و جارێکی دیکە دووبارە نابێتەوە؛ لە هەمانکاتدا بۆ ئێمە گرنگ بوو کە هەست بە خەڵکی ئێمە دەکرێت و لەبیرنەکراون. ئێمە دەزانین زیاتر لە 150 هەزار ئێزدی لە ئەڵمانیا دەژین و دەبینن کە ئەڵمانیا ماڵی دووەمیانە.
رووداو: لێرە سەرکردەی دیکە دەبینیت؟
نادیە موراد: زۆرمان بینی؛ هەوڵماندا پەیامی خۆمان بگەیێنینە زۆرینەیان؛ نەوەکو تەنیا لێرە، لە هەر شوێنێک بتوانین دەنگی خۆمان دەگەیێنین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ