گەنجێکی خورماڵ خۆبەخشانە مانگی دوو جار سەیرانگەی گوندەکەی پاکدەکاتەوە

 
رووداو - خورماڵ

گەنجێکی گوندێکی خورماڵ کۆکردنەوەی نایلۆن و پلاستیک لە کانیاو و سەیرانگەی گوندەکەی ساڵێکە بووەتە پیشەی؛ مانگانە دوو جار دەچێتە ئەو جێگایانەی خاشاک و نایلۆنی لێکۆدەبێتە و کۆیان دەکاتەوە بۆئەوەی ژینگەی گوندەکەی بە خاوێنی بمێنێتەوە.
 
نوێکار مەهدی، گەنجی خۆبەخشی ژینگەپارێز دەڵێت، "ئاوا مانگانە یان 15 رۆژ جارێک ئەم کارە دەکەم، هەرجارەو 100 کیلۆ یان 50 کیلۆ شەخەڵ کۆدەکەمەوە و فڕێی دەدەم".
 
ئەو کارەی نوێکار دەیکات لە گوندەکەیان نوێیە، ئەویش دەیەوێت ببێتە کولتوور لەنێو منداڵان و گەنجانی گوندەکەی، ئەو کارەی دەیکات بەبێ هیچ بەرامبەرێکە. ئەو گەنجە تەنیا بە کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکی سەیرانگە و کانیاوەکانەوە نەوەستاوە، بەڵکو زبڵ و خاشاکی نێو گوندەکەشی کۆدەکاتەوە.
 
ئەو گەنجە خۆبەخشە ژینگەپارێزە ئاماژە بەوە دەکات، "من لەم گوندە لەدایکبووم جا پاک راگرتن و پاککردنەوەی ئەو جێگەیەی لێی دەژیت، شانازییە. ئەوە خزمەتی نیشتمان و ژینگە و ناوچەکەیە، بۆیە حەزدەکەم پاکی بکەمەوە".
 
نوێکار هەر لە منداڵییەوە حەزی بە پاکوخاوێنییە، بۆیە لە هەر جێگەیەک بووبێت زبڵ و نایلۆنەکانی ئەو جێگەی کۆکردوونەتەوە و لە جێگەی فڕێدانی زبڵ دایناوە. ئەو گەنجە ژیانی هاوژینیی پێكهێناوە و دەیەوێت لە ئاییندەدا لەگەڵ هاوژین و خێزانەکەشی ئەو کارە بکەن بە کولتوور.