مێزگردی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو؛ داعش توانای گەڕانەوەی هەیە؟

رووداو دیجیتاڵ
 
رۆژی پێنجشەممە لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو، مێزگردێک تایبەت بە "هەڵسەنگانی ئەگەرەكانی گەڕانەوەی داعش" بەڕێوەچوو. عەمید هەڵگورد حیکمەت پێیوایە کێشەکان لە عێراق بنەڕەتی چارەسەر ناکرێن و ئەوەش هۆکاری سەرەکیی دۆخی ئێستای عێراقە. شرۆڤەکارێکی سیاسیش بەشداریی پێشمەرگە لە سیستەمی بەرگریی عێراق بە پێویست دەزانێت و گوتەبێژی کازمیش دەڵێت، بۆ نەهێشتنی مەترسییەکان دەبێت هاودەنگ بین.
 
لە مێزگردەکەدا تاوتوێی ئەم پرسانە کرا: 
 
ئەگەرەكانی دەركەوتنەوەی داعش یان داعشێكی نوێ چۆنن؟ دۆخی ئەو جوگرافیا و ناوچانەی كە لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە جێگەی ناكۆكیی بەغدا و هەولێرن، چ رۆڵێكی لەمەدا هەیە؟ ئایا كۆرۆنا و ململانێ سیاسی و سەربازییەكانی نێوان  بەغدا و هەولێر لەلایەك و ململانێی شاراوەی هەندێك گرووپی چەكداری لەدژی دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی لەلایەكی دیكە تاوەکو چەند كاریگەرییان لەسەر ئەم بابەتە داناوە؟ توانستەكانی حكومەت و گرفتەكانی بەینی ئێران و ئەمریكا لە عێراق چۆنچۆنی رەنگیان بە پرسی زیندوبوونەوەی داعش داوە؟ كەمبوونەوەی رێژەی هێزی هاوپەیمانان و زیادبوونی هێرشی گرووپە چەكدراییەكان كاریگەرییان لەسەر شەڕی دژی داعش داناوە؟ لەوەش گرنگتر، ئایا عێراق لە ئاستێكدایە كە بتوانێت بە تەنیا هەڕەشەی داعش لەناوبەرێت؟ 
 
لە مێزگردەکەدا هەریەکە لە گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق، گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بەرپرسی یەکە سەربازییەکانی ئەڵمانیا، نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشی عێراق بەشدارییان کرد.
 
هەڵگورد حیكمەت: کێشەکان لە عێراق چارەسەر ناکرێن
 
 
عەمید هەڵگورد حیكمەت، جێگری فەرماندەی لەشکری کوردستان لە مێزگردەکەدا رایگەیاند؛ بە تێڕوانینی من هاوپەیمانیێتی نێودەوڵەتی هەتا ئەو راددەیەی کە بەرپرسیاریێتی خۆی هەیە، پابەندی تەواوی هەبووە بە هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکانیش.
 
عەمید هەڵگورد حیكمەت رەخنەی لە چارەسەرنەکردنی کێشەکان لە عێراق گرت و گوتی: "ناکرێت لە وڵاتێکدا بژین کە بۆ کێشەکانی نێوانمان تەنیا چارەسەری بەشی یان سڕکەر بەکار بهێنین، ئەوەی ئێستا لە عێراق دەگوزەرێت پێویستی بە چارەسەری یەکجارەکی هەیە. کە تاوەکو ئێستا ئەو چارەسەرە یەکجارییە لەنێو دامەزراوە سیاسی و ئیدارییەکانی عێراقدا نابیندرێت".
 
لە درێژەی قسەکانیدا عەمید هەڵگورد حیكمەت گوتی، ناوەندی بڕیار لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ تاوەکو ئێستا دانەنیشتووە بە جیددی چارەسەری ئەو کێشانە بکات، لەپرسی رێککەوتنی شنگالدا تاوەکو ئێستا جگە لە هەنگاوی زۆر جوزئی و بچووک نەبێت، هیچ شتێک نەکراوە.
 
عەمید هەڵگورد حیکمەت باسی لە هەوڵەکان لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەری کێشەکان کرد و گوتی "لە چوارچێوەی لیژنەی کاری باڵا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق تاوەکو 2013ـەش هاتووچۆی بەغدامان دەکرد، ئەوکات و ئێستاش ئێمە هەر لە بازنەیەکدا دەخولێینەوە کە تاوەکو ئێستا بێ ئەنجام بووە، خولانەوەش بە دەوری ئەو بازنەیە داعشی بەرهەمهێنا و سبەینێش لە داعش خراپتر دێتە ئاراوە لە عێراقدا. بۆیە نیەت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە لەلای دەسەڵاتی عێراقی نییە، کە ئەوان خاوەن بڕیارن".
 
جێگری فەرماندەی لەشکری کوردستان نموونەیەکی هێنایەوە و گوتی: "لەبیرمە لە 2013 لەسەر کۆمەڵێک خاڵ رێککەوتن کرا، بەڵام رۆژی دوایی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەمووی رەتکردەوە، کاتێک کە تۆ وڵاتێک بەبێ چارەسەر بهێڵیتەوە، بێگومان دەبێت چاوەڕێی ئەوە بکەیت داعش و نموونەی خراپتر لە داعش دروست ببێت".
 
ئەعیاد تۆفان: دەبێت لە سیستەمی بەرگریی عێراق بەشداریی بە پێشمەرگە بکرێت
 
 
لە بەشێکی دیکەی مێزگردەکەدا ئەعیاد تۆفان، شرۆڤەکاری سیاسی هاوکاری و هاوئاهەنگی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەپێویست زانی و گوتی، بەهەر شێوەیەک بێت دەبێت ئەو هائاهەنگییە هەبێت، دەبێت یەکێک بێت لە پێویستییەکانی هەردوو حکومەت، پێویستە ئەو هاوکارییەش لە چەندین بواردابێت.
 
ئەعیاد تۆفان باسی لە دوو لە هەرە گرنگترین بوارەکان کرد و گوتی: "یەکەمیان لەبارەی سنووری ئیداری بێت کە لە سێگۆشەی سنووری نێوان سووریا و عێراق و تورکیا لە سحێلاوە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە خانەقین، کە ئەمە سنوورێکی دوور و درێژە، ئەو ناوچانەی کە ناکۆکی لەسەرە یان کێشەی لەسەرە، لە هەندێک شوێن 500 مەتر و هەندێکجار دەگاتە 15 کیلۆمەتر، چەتەکانی داعش و رێکخراوە تیرۆریستییەکان و گرووپە چەکدارییەکان هەموویان ئەو بۆشاییەیان قۆستووەتەوە".
 
ئەو شرۆڤەکارە ئەمنی و سیاسییەیە پێیوایە، ئەگەر ناکۆکی لەسەر ماددەی 140 ـیش هەیە، دەبێت بە هەر شێوەیەک بێت پەنا ببرێتە بەر ماددەی 121 ـی بڕگەی 5 کە تێیدا هاتووە هێزەکانی پێشمەرگە بەشێکی گرنگن لە هێزە چەکدارەکانی عێراق، بۆیە لەو چوارچێوەیە دەبێت بەشداریان پێ بکرێت لە مەشقپێکردنیان، پڕچەککردن و دابینکردنی پێویستییەکانیان، نەک تەنیا چەند پۆستێکیان لەولا و لەولاوە پێبدرێت.
 
لیوا یەحیا رەسوول: بۆ رووبەڕووبوونەوە مەترسییەکان پێویستمان بە یەکدەنگییە
 
 
لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە مێزگردەکەدا باسی لە بۆشاییەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە هەندێ ناوچە کرد کە ئەو دەڵێت، بووەتە کێشە. لیوا یەحیا رەسوول دەڵێت: "هۆکارەکەی ئەوەیە چەتەکانی داعش لەو شوێنانە نیشتەجێن. گرنگە هەماهەنگییەکی تەواو هەبێت لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق".
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی بەپێویست دەزانێت بۆ ئەوەی دەرفەت نەدرێتە "پاشماوەکانی داعش هەر هەڵوێستێک بقۆزنەوە". لیوا یەحیا رەسوول دەڵێت، تاوەکو ئێستا مەترسیی داعش هەیە و پێویستە رووبەڕووی ئەو "رێکخراوە تیرۆریستییە" ببینەوە.
 
لیوا یەحیا رەسوول هەروەها ئاشکرایکرد، کەمێک لەمەوبەر بە تەلەفۆن زانیاریی ئەوەی پێگەیشتووە کە "هێزەکانی دژەتیرۆر ئۆپەراسیۆنێکیان کردووە و هەندێک داواکراویان دەستگیرکردووە. دووپاتی دەکەمەوە کە شەڕمان لەگەڵ تیرۆریستان هەواڵگرییە و رێنمایی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئەوەیە کە بەردەوام بین لە لێدانیان".