وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کەمە


رووداو دیجیتاڵ

بەشێکی زۆری خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان هەرچەندە لە پشکنینی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەرچوون و مامەڵەکانیشیان تەواوکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەیان بۆ خەرج نەکراوە، سەرۆکی کۆمەڵەی ژین بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانیش ئاماژە بەوەدەکات، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان تەنیا هاوکارییەکیان دەکرێت و هیچ مووچەیەکی فەرمیان نییە، بەڵام بەشی زۆریان ئەو هاوکارییەش وەرناگرن.
 
مەسعود ئەنوەر، سەرۆکی کۆمەڵەی ژین بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان زۆر بەسەختی دەتوانن بژین، چونکە کێشە و گرفتیان زۆرن، بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجەی تایبەت هاوکاریی بەشێکی زۆری خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان راگیراوە، لە کاتێکدا ئەو کەسانەی لە لیژنەی پزیشکی دەردەچن و مامەڵەیان تەواو کردووە، پێویستە هاوکاری وەربگرن.
 
هەروەها زەکیە ساڵح، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان توانای دارایی بەهۆی قەیرانی دارایی خراپە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر ژیانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانیش هەبووە، هەروەها دەشڵێت: "ئێمە ئەنجوومەنێکمان هەیە، کە مانگانە کۆدەبێتەوە لەسەر رەوشی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، نوێنەری وەزارەتەکانی دیکە و نوێنەری رێکخراوەکانی خاوەن پێداویستییەکانی تێدان و کێشەکانیان لەوێ باسدەکرێن، بەڵام راستە ئێمە نەمانتوانیوە ژینگەیەکی گونجاو بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دروست بکەین، ئەمەش هۆکارەکەی زیاتر قەیرانی دارایی بووە".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی: "88 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت لە هەرێمی کوردستان هاوکاری وەردەگرن کە 150 هەزار دینارە، 12 هەزار کەسیشیان فەرمانبەرن ئەوان تەنیا 100 هەزار دینار وەردەگرن، ئەوەش بەشی ژیار و ژیانی ئەو کەسانە ناکات، ئێمە راستە نەمانتوانیوە لە ئاست داخوازییەکانی ئەوان بین، بەڵام کاریشمان بۆ کردوون، بۆ نموونە لە هەولێر 7 بنکەی تەندروستیمان دیاریکردوون، کە ئافرەتانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەتوانن بێبەرامبەر چارەسەر وەربگرن".
 
بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتیشی: "نزیکەی 12 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت پشکنینیان بۆ کراوە و هێشتا هیچ هاوکارییەک وەرناگرن، ئێمە ناڵێین ئەوان شایستەن نین، بەڵکو یاساکە وایکردووە ئەو هاوکارییە هەندێک لەو کەسانە نەگرێتەوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە، دەمانەوێت ناوەندێکی پشکنینی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دروست بکەین، کە پشکنین بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەکات، ئەو ناوەندە دەتوانێ وابکات ئەو کەسانەی شیاون دەستنیشان بکات و کێشەکانی پشکنین چارەسەربکات، ناوەندەکەش شوێنی بۆ دیاریکراوە و بەمزووانە دەستبەکاردەبێت".