قایمقامی شنگال: بەشێکی زۆری ئاوارە گەڕاوەکان چوار ملیۆنەکەیان وەرنەگرتووە
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای شنگال دەڵێت، بەشێکی زۆری ئاوارە گەڕاوەکانی شنگال چوار ملیۆن دینارەکەیان وەرنەگرتووە.
وەک هاندانێک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە لە رێگەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقەوە چوار ملیۆن دینار بداتە هەر خێزانێکی ئاوارەی گەڕاوە، لەگەڵ دابینکردنی بەشێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی نێوماڵەکەی.
نایف سەیدۆ، قایمقامی قەزای شنگال بەوەکالەت، ئەمڕۆ شەممە (18-01-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەشێکی زۆری ئاوارە گەڕاوەکانی شنگال ئەو چوار ملیۆن دینارەیان وەرنەگرتووە.
پێشتر بڕی پارەکە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار بوو، دواتر بۆ هاندانی زیاتر حکومەتی عێراق کردییە چوار ملیۆن دینار.
نایف سەیدۆ باس لەوە دەکات، تەنانەت بەشێکیان ملیۆن و 500 هەزار دینارەکەشیان وەرنەگرتووە، نەوەک چوار ملیۆن دینارەکە.
بە گوتەی قایمقامی قەزای شنگال بەوەکالەت، پێنەدانی ئەو پارەیە ناڕەزایی و نیگەرانی ئاوارەکانی لێکەوتووەتەوە؛ دەشڵێت، ئێستا پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان وەستاوە.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رۆژی 29-12-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە ساڵی 2024دا زیاتر لە 10 هەزار خێزانی ئاوارە کە زیاتر لە 100 هەزار کەس دەبوون، گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان".
سەبارەت بە ئاوارەکانی شنگال، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتی: "نزیکەی پێنج هەزار و 600 خێزان گەڕاونەتەوە شنگال".
لە هەرێمی کوردستان 20 کەمپی ئاوارەکان ماون؛ 16ـیان لە دهۆک و 4 دانەکەی دیکە لە هەولێرن.
نزیکەی 20 هەزار ئاوارە لەو کەمپانەدا دەمێننەوە؛ 18 هەزاریان لە دهۆک و 2 هەزاریان لە هەولێر.