رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچە شاخاوییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و پارێزگای هەولێر، سبەی دەست بە دابەشکردنی ئەو نەوتە دەکرێت کە حکومەتی عێراق ناردوویەتی. پارێزگاری سلێمانیش دەڵێت، بڕیارە سبەی نەوتەکەی بەغدا بگات، کاتێک گەیشت، کاتی دابەشکردنەکەی ئاشکرا دەکەن.
بڕیارە عێراق 50 ملیۆن لیتر نەوتی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت. 16ـی ئەم مانگە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "یەکەم کاروانی نەوتی ماڵان لە عێراقەوە گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان."
ئەمڕۆ (شەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2025) ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەم هەفتەیە لە هەموو ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکرێت، سبەی لە قەزای هەریرەوە دەستپێدەکات، دواتر لە پیرمام، کۆیە، شەقڵاوە و تەقتەق."
15 ملیۆن و 800 هەزار لیتر نەوت بۆ پارێزگای هەولێر دەنێردرێت. بەڕێوەبەری نەوت و کانزای پارێزگاکە دەڵێت، "عێراق نەوتەکە بە بەش دەنێرت، تاوەکو ئێستا دوو بەش نێردراوە و بەردەوامن لە ناردنی، ئێمەش لەگەڵ گەیشتنی، هەموو بڕەکە دابەش دەکەین."
لەبارەی کاتی تەواوبوونی پرۆسەکە، ئاری کاکەشین گوتی، "پرۆسەکە کاتی دەوێت، هەوڵدەدەین لە دوو مانگدا تەواوی بکەین."
رەجەب زوبێر، قایمقامی قەزای سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "سبەی بەشێکی ئەو نەوتەی کە حکومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی ناردووە، لە قەزای چۆمان دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، دواتریش لە ناوچەکانی دیکەی ئیدارەکەمان دەست بە دابەشکردن دەکەین."
بە گوتەی رەجەب زوبێر، "لەو 50 ملیۆن لیترەی نێردراوە، دوو ملیۆن و 700 هەزار لیتر بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دانراوە."
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بۆ رووداو گوتی، "بڕیارە سبەی ئەو نەوتە بگاتە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، دوای گەیشتنی راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت."
پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، "بۆ سلێمانی 20 ملیۆن لیتر و بۆ هەڵەبجە، 5 ملیۆن لیتر دەنێردرێت."
بەگوتەی پارێزگاری سلێمانی، "سەرەتا لە ناوچە شاخاوییە ساردەکان دەستپێدەکەن کە پار سوودمەند نەبوون، وەک پێنجوێن، شارباژێڕ و دووکان."
هاوکات مەجید سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆک بە رووداوی گوت، "هێشتا ئەو بڕە نەوتەی بۆ پارێزگاکە دیاری کراوە، بەهۆی تەواونەبوونی رێکارەکان نەگەیشتووە، ئەگەر ئەمشەو رێکارەکان تەواوبن، سبەی نەوتەکە دەگات، دواتر دەست بە دابەشکردنی دەکرێت."
28-11-2024، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق کۆبوونەوە و باسیان لە بەشە سووتەمەنیی هەرێمی کوردستان کرد.
هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە زیاتر لە 268 ملیۆن لیتر نەوتە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 250 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر زیاتر لە ملیۆنێک خێزان دابەشکراوە کە دەکاتە 88%.
لە هەرێمی کوردستان نرخی یەک بەرمیل نەوت بە شێوەی پاڵپشتیکراوی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە 104 هەزار دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ