قایمقامی سۆران: سبەی دابەشکردنی نەوت دەستپێدەکات و بۆ هەر ماڵێک نیو بەرمیلە

18-01-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سبەی دەست بە دابەشکردنی ئەو بەشە نەوتەی ماڵان دەکرێت کە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە نێردراوە. قایمقامی سۆران دەڵێت، بڕی دوو ملیۆن و 700 هەزار لیتر بۆ ئیدارەکەیان دیاریکراوە.
 
رۆژی شەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2024، رەجەب زوبێر، قایمقامی قەزای سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "سبەی لە قەزای چۆمان دەست بە دابەشکردنی بەشێکی ئەو نەوتە دەکرێت، کە حکومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی ناردووە. 100 لیتر بۆ هەر خێزانێک دیاریکراوە و نرخەکەشی 30 هەزار دینار دەبێت؛ دواتریش لە ناوچەکانی دیکەی ئیدارەکەمان دەست بە دابەشکردن دەکەین."
 
"بڕەکەی کەمە، بۆیە هەر ماڵێک نیو بەرمیلی پێدەدرێت"
 
بەگوتەی رەجەب زوبێر، "نەوتەکە کەمە، بۆیە ناچارین هەر ماڵێک 100 لیتری پێبدەین. لەو 50 ملیۆن لیترەی نێردراوە بڕی 2 ملیۆن و 700 هەزار لیتر بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دیاریکراوە."
 
بۆ ئەوەی هەر ماڵێک 200 لیتر نەوتی بەربکەوێت، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە گوتەی رەجەب زوبێت "پێویستی بە نزیکەی 8 ملیۆن لیتر نەوت هەیە."
 
سەرەتا نەوتەکە بەو خێزانانە دەدرێت کە تازە ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە و ئەوانەش کە پێشتر نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان وەرنەگرتووە.  
 
قایمقامی سۆران هەروەها دەڵێ "لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش لەسەر هێڵین بۆئەوەی بڕی زیاترمان پێبدەن، چونکە ناوچەکەمان شاخاوی و ساردە."
 
رۆژی 28-11-2024، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق کۆبوونەوە و باسیان لە بەشە سووتەمەنی هەرێمی کوردستان کرد. 
 
16ـی ئەم مانگە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "یەکەم کاروانی نەوتی ماڵان لە عێراقەوە گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان."
 
هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە 268 ملیۆن لیتر نەوتە بۆ ئەوەی ساڵانە یەک بەرمیل نەوت بداتە هەر خێزانێک.
 
تاوەکو ئێستا نزیکەی 250 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر زیاتر لە ملیۆنێک خێزان دابەش کراوە، کە دەکاتە 88%ـی کۆی نەوتی دابەشکراو.
 
لە هەرێمی کوردستان نرخی یەک بەرمیل نەوت بە شێوەی پاڵپشتیکراو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە 104 هەزار دینار دەدرێتە هاونیشتمانییان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

خۆڵبارین لە هەولێر. وێنە: ساهیرە سدیق - رووداو

خۆڵبارینێکی چڕ هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە؛ کەی باران دەبارێت؟

شارەزایەکی کەشوهەوا لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، ئەمڕۆ و سبەی خۆڵبارین بەردەوام دەبێت. هەروەها ئاماژە بە شەپۆلێکی بارانی سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان دەکات.