پێشبڕکێی ماتۆڕە تایبەتەکان لە فڕۆکەخانەی عەربەت بەڕێوەچوو

10-01-2025
پێشەوا بەختیار
ماتۆڕسوارێکی بەشداربوو لە پاڵەوانێتییەکە. وێنە: رووداو
ماتۆڕسوارێکی بەشداربوو لە پاڵەوانێتییەکە. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - سلێمانی

یەکەمین پاڵەوانێتیی پێشبڕکێی ماتۆڕە تایبەتەکان لە فڕۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانی بەڕێوەچوو.
 
هەر تیمەو لە شارێکی هەرێمی کوردستان یان عێراقەوە بۆ بردنەوە بەشداریی پاڵەوانێتییەکەی کرد؛ "بەڵای دەستاڕەکەی سلێمانی" ئەو ماتۆڕەیە کە تیمەکەی ژیار جەزا بۆ پێشبڕکێ بردوویانەتە پاڵەوانێتییەکە، بەهێزی و نەدۆڕان لە مەرجەکان وایکردووە هاندەرەکانیان ناوی ماتۆڕەکە بنێن "بەڵای دەستاڕەکە،" بەناوی ئەو گوزەرەی خاوەنەکەی کاری لێدەکات.
 
ژیار جەزا، ماتۆڕسوار دەڵێت، "چونکە لە هیچ پێشبڕکێیەک نەدۆڕاوە و کەس نەبووە لێ بباتەوە، خەڵک ناوی ناوە (بەڵا)، خۆم تاوەکو 320 بۆ 330 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا پێی رۆشتووم. تووشی رووداویش بووین، بەڵام سوپاس بۆ خوا هەڵساوینەتەوە."
 
ماتۆڕە تایبەتەکانی هەولێریش بەشداربوون لە پاڵەوانێتییەکە، ماتۆڕی گرانبەها و بەهێزیان هێنابووە سلێمانی و رکابەرایەتیی یاریزانە عێراقییەکانیان پێدەکرد.
 
خالید عومەر، سەرۆکی لقی هەولێری یەكێتیی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕی عێراق - لقی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، "زۆرترین تێچوو ماتۆڕێکە کە تاوەکو چوار دەفتەر دۆلار و 30 گەڵا تێچووەکەی بووە، لەوەیش زۆرتر هەیە، بەڵام با نەبێتە زێدەڕۆیی."
 
بەشداربووەکان بەشێکیان لە بەسرە، بەغداد، ئەنبار و شارەکانی دیکەی عێراقەوە بۆ پێشبڕکێ هاتبوون؛ ئەنجامدانی پێشبڕکێ و وەرزش و سەرکێشی لەژێر سایەی ئاسایش و ئارامی دڵخۆشی کردبوون.
 
حەسەن مەتەری، ماتۆڕسواری بەغدا گوتی، "زۆر خۆشە، یەکەمجارمە لە پاڵەوانێتیی لەم جۆرەدا بەشداری دەکەم. ئەوانەی پێشووتر باش نەبوون، ئەمجارە زۆر باشە. ئێمە 12 کەس لە بەغداوە هاتووین، ئەوانەی دیکەیش لە هەموو پارێزگاکان بەشدارن."
 
30 یاریزان لە سێ قۆناخی جیاوازدا پێشبڕکێیان کرد، تێیدا چوار یاریزانی عێراقی و 5 یاریزانی هەرێمی کوردستان پلەکانی یەکەم تاوەکو سێیەمیان بەدەستهێنا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە