تەرمی پیاوێکی کورد لە ناحیەی قەرەهەنجیری کەرکووک دۆزرایەوە
رووداو - کەرکووک
دوای بێسەروشوێن بوونی لە چەمی گۆرانی سەر بە قەرەهەنجیری کەرکووک، تەرمی پیاوێک دۆزرایەوە کە ئاسەواری گوللـە بەسەرییەوە بووە.
رۆژی پێنجشەممە، 18-01-2024، سەرچاوەیەک لە پۆلیسی قەرەهەنجیر بە رووداوی راگەیاند، "کوژراوەکە ناوی رەحیم میرزا خورشیدە کە پیشەی شۆفێری تەکسییە و تەمەنی 73 ساڵە."
ئەو سەرچاوەیەی پۆلیس گوتیشی، "کوژراوەکە ئۆتۆمبێلەکەی دزراوە و گومان دەکرێت هەر لەشوێنی رووداوەکە تەقەی لێکرابێت."
فاتیح رەحیم، برا گەورەی کوژراوەکەیە بە رووداوی گوت، "رەحیمی برام، خۆی و هاوسەرەکەی لەماڵێکدا دەژین و سێ کوڕ و کچێکی هەیە، خۆی خانەنشینە، بەڵام ناو بەناو کاری تەکسی کردووە.
هەروەها گوتیشی، دوێنێ نیوەڕۆ کە لە ماڵەوە دەرچووە تا ئێوارە نەگەڕاوەتەوە و دواتر مۆبایلی داخراوە، لە شەوی رابردووەوە بەدوایدا دەگەڕێن تا بەرەبەیانیی ئەمڕۆ تەرمەکەیان دۆزیوەتەوە.