رووداو دیجیتاڵ
هەزاران کەس لە پارێزگای دهۆک دژی هێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر خۆپێشاندانیان کرد. کەسانی نیڤشکان بەشداریی خۆپێشاندانەکانیان کرد و هەڵوێستی خۆیان خستەڕوو.
نەسیبا یاسین، یەکێک لەو نیڤشکانانەیە کە بەشداریی خۆپێشاندانەکەی کردووە و دەڵێت: سەرکۆنەی هێرشەکەی سوپای پاسداران دەکەین و بە هیچ جۆرێک قبووڵی ناکەین ئێران یان هەر دەسەڵات و وڵاتێکی دیکە هێرشبکاتە سەر هەولێر یان هەر شوێنێک لە چوار پارچەی کوردستان.
خۆپێشاندەران پەیامی خۆیان خوێندەوە و داوایان کرد هێرشی لەوجۆرە دووبارە نەبێتەوە.
ئەسکەندەر نێروەیی، خۆپێشاندەرێکە و دەڵێت: لە ساڵی 1991ـەوە لە کوردستان ئێمە هیچ بنکەیەکی ئیسرائیلمان نەبینیوە و بوونی نییە. 24 وڵاتی عەرەبی لەگەڵ ئێران نوێنەرایەتییان لە هەرێمی کوردستان هەیە. بێ ویژدانییە بە مووشەک منداڵەکانی ئێمە بکرێتە ئامانج.
کاژین ئیسماعیل، خۆپێشاندەرێکی دیکەیە و دەڵێت: من وەکو کچە کوردێکی ئێزدی هاوخەمیی خۆم، بەهۆی هێرشەکەی سەر پایتەختی هەرێمی کوردستان دەردەبڕم. ئێمە ناڕەزایەتی خۆمان رادەگەیێنین و داوا دەکەین لە هەموو دەوڵەتان دەکەین هێرشەکان رابوەستێنن.
فازڵ موحسین، یەکێکی دیکەیە لە خۆپێشاندەرانی دهۆک و گوتی: "سەرکۆنەی هێرشی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکەین کە هیچ رێزێک لە سەروەری هەرێمی کوردستان و عێراق ناگرێت و ئەو دووژمنکارییە جێگەی قبووڵ نییە."
خۆپێشاندانەکەی دهۆک لەسەر شەقامی گشتی لە سەنتەری شاری دهۆک بەڕێوەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ