لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر درۆنێکی بۆمبڕێژکراو خرایە خوارەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە بە ئاڕاستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر دەهات، خرایە خوارەوە.
 
سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی هەولێر خستنەخوارەوەی درۆنەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، درۆنەکە لەلایەن هاوپەیمانان و دوور لە شوێنی نیشتەجێبوون و قەرەباڵخی خراوەتە خوارەوە و زیانی گیانی نەبووە.
 
جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 دەستی پێکرد و لە 17ی هەمان مانگەوە هێرشی ئەو گرووپانەی خۆیان بە موقاوەمەی ئیسلامی ناودەبەن بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا دەستی پێکرد. 
 
ئەو گرووپە چەکدارانە دەڵێن، هێرشەکانیان وەک کاردانەوەیە بەرامبەر پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە. 
 
بە گوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن، لە 17ی تشرینی یەکەمی 2023ەوە لانیکەم 130 هێرش کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا کە 53یان لەهەرێمی کوردستان و عێراق بوون و 77 هێرشەکەی دیکە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بوون.