گۆڕان بە ئامادەبوونی 850 هەڵسوڕاوی دووەم کۆنفرانسی نیشتمانی دەبەستێت

18-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هەفتەی داهاتوو بزووتنەوەی گۆڕان دووەم کۆنفرانسی نیشتمانیی خۆی لە سلێمانی دەبەستێت و شەش لیژنە کارەکانی هەڵسەنگاندن، پێداچوونەوە و هەموارکردن دەکەن. کۆنفرانسەکە بە بەشداریی 850 هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت. 
 
یاسین پێنجوێنی، سکرتێری لیژنەی ئامادەکاریی دووەم کۆنفرانسی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، رۆژی پێنجشەممە 18-1-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کۆنفرانسی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە لە سلێمانی بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و تێیدا تاوتوێی ژمارەیەک پرسی نێوخۆیی پەیوەست بە گۆڕان دەکرێت. هیچ هەڵبژاردنێکیش نە بۆ سکرتێری گشتی و نە بۆ خانەی راپەڕاندن ناکرێت." 
 
یاسین پێنجوێنێ گوتی، بە دوو ئاراستە و لە رێگەی شەش لیژنەوە کارەکانی دووەم کۆنفرانسی نیشتمانی دەکرێن، ئەوانیش ئاراستەکانی هەڵسەنگاندن، پێداچوونەوە و هەموارکردنەوەن.
 
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەکە، لە کۆنفرانسەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ سەرجەم ئۆرگانەکانی بزووتنەوەکە دەکرێت لە "جڤاتی نیشتمانی، خانەی راپەڕاندن، فراکسیۆنەکان، نوێنەرانی بزووتنەوەکە لە حکومەت و دامەزراوەکانی دیکەش." 
 
سکرتێری لیژنەی ئامادەکاریی دووەم کۆنفرانسی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەشی گوت، لیژنەیەک پێداچوونەوە بە درووشم و لۆگۆی بزووتنەوەی گۆڕان دەکات، جگە لەوەی پێداچوونەوە بە بەرنامەی سیاسی و هەمواری دەستووری نێوخۆیی گۆڕان دەکرێت.
 
یاسین پێنجوێنێ ئەوەشی روونکردەوە کە لە کۆنفرانسی دووەمدا هیچ هەڵبژاردنێک ناکرێت و رایگەیاند، "ئێمە لە حیزب و پارتەکانی دیکە بەوە جیادەکرێینەوە کە لە کۆنفرنسی نیشتمانییدا هیچ هەڵبژاردنێک ناکەین"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، دوای کارەکانی کۆنفرانسی دووەمی بزووتنەوەکەیان، رێکارەکانی دیکە بۆ هەڵبژاردنی خانەی راپەراندن و رێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە تەواو دەکرێن.
 
سەبارەت بە بانگهێشتکردنی ئەوانەی کە بە "ناڕازییەکانی نێو گۆڕان" دەناسرێن، یاسین پێنجوێنی گوتی، "هەموویان بانگهێشت کراون." 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ـی کانوونی دووەمی 2024، بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "بەپێی بڕیار و راسپاردەی کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە 6-1-2024، بزووتنەوەی گۆڕان لە رۆژانی شەممە و یەکشەممە 20 و 21ـی کانوونی دووەمی 2024 لە ژێر درووشمی 'گۆڕان بەرەو قۆناخێکی نوێ بۆ رووبەڕووبونەوەی ئاڵنگارییەکان'، لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی دووەمین کۆنفرانسی نیشتمانی خۆی گرێ دەدات." 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."