ئەندامێکی تەڤگەری ئازادی لە کەرکووک کوژرا

رووداو دیجیتاڵ
 
لە گەڕەکی سەرچناری شاری کەرکووک لەلایەن دوو سەرنشینی ماتۆڕسکیلێکەوە تەقە لە ژنێک کرا کە ئەندامی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بوو و کوژرا. پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، کاژێر 3:30ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-1-2024، لەلایەن دوو کەسەوە کە ماتۆڕسکیلێکیان پێبووە تەقە لە ژنێک کە لە چلەکانی تەمەنیدا بووە کراوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
 
ژنەکە لەبەردەم گۆڕەپانی قوتابخانەی سەگرمە بووە و بە پیادە رۆیشتووە. دوو ماتۆڕسوارەکەش دوای تەقەکردنەکە دەستبەجێ بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتوون.
 
عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە رووداوی گوت، "ژنەکە خەڵکی عێراق نییە و پاسپۆرتی سووریای هەیە. هەشت بۆ نۆ فیشەکی پێوە نراوە و گیانی لەدەستداوە. ئێمە بەردەوامین لە لێکۆڵینەوە تا دەگەینە ئەنجام".
 
 
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس بۆ رووداو، ئەو دوو کەسە زۆر شارەزای ناوچەکە نەبوون، چونکە لە چەند کەسێک پرسیاری ئەوەیان کردووە ئەو کۆڵانەی پێیدا دەڕۆن دەردەچێت یان نا.
 
کوشتنی ئەو هاووڵاتییە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ تەرمی پیاوێک بەناوی رەحیم میرزا، کە لە پەنجاکانی تەمەنیدا و شۆفێری تەکسی و دانیشتووی گەڕەکی دەروازەی شاری کەرکووک بووە، لەسنووری ناحیەی قەرەهەنجیر دۆزرایەوە.
 
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان خۆی بە پارتێکی سیاسیی دەناسێنێت کە لە ساڵی 2014ـەوە دامەزراوە و لە هەرێمی کوردستان و عێراق بارەگای هەیە؛ لە کۆنگرەی سێیەمی لە 15ـی تەمموزی ساڵی 2022، هەریەک لە تارا حوسێن و سەلام عەبدوڵڵا بە هاوسەرۆکی ئەو حیزبە هەڵبژێردران، بەڵام ئەو پارتە بە تۆمەتی نزیکایەتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، چەندین جار بارەگاکانیان داخراوە و ژمارەیەک ئەندامیشیان لێ دەستگیرکراوە.