حکومەتی عێراق قەرەبووی کەسوکاری ئەو پزیشک و پەرستارانەی کوردستان ناکاتەوە کە بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە

18-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی تەندروستیی عێراق داوای لە کەسوکاری ئەو پزیشک و کارمەندانەی تەندروستی دەکات، کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیانلەدەستداوە پەیوەندییان پێوەبکەن بۆ پێدانی بڕی 10 ملیۆن دینار بەپێی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیارەکە ئەو کارمەند و پزیشکانە ناگرێتەوە کە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.
 
وەزارەتی تەندروستیی عێراق نووسراوێک ئاراستەی سەرجەم نەخۆشخانە و سەنتەرە پسپۆڕییەکان دەکات کەسوکاری "شەهیدانی کۆرۆنا" کە کارمەندانی تەندروستی و پزیشکانن دەگرێتەوە ئەوانەی لەکاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بە ڤایرۆسەکە گیانیانلەدەستدا، ئاگاداربکەنەوە بۆ ئەوەی سەردانی هۆبەی خانەنشینان لە وەزارەتەکە بکەن بەمەبەستی تەواوکردنی رێکارەکانی پێدانی بڕی 10 ملیۆن دینار پێیان.
 
ریاز عەبدولەئەمیر حلفی، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی و یاسایی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، ئەوان دەتوانن لەلای خۆیانەوە کار بۆ کەسوکاری پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی بکەن، کە بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان سپاردووە."
 
دەشڵێت، "ئەو نووسراوەی وەزارەتی تەندروستی 11ـی ئەم مانگە رەوانەی نەخۆشخانە و سەنتەرەکان کراوە بۆ کەسوکاری ئەو پزیشک و کارمەندە تەندروستییانەی هێشتا مامەڵەیان نەکردووە."
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەساڵی 2021 بڕیاری ژمارە 95ـی دەرکرد، کە تایبەت بوو بە پێدانی 10 ملیۆن دینار بە کەسوکاری ئەو پزیشک و کارمەندانەی تەندروستی کە لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا گیانیانلەدەستدا، ژمارەی ئەوان بەپێی وەزارەتی تەندروستی 214 پزیشک و کارمەندن.
 
رۆژی 5ـی ئەیلوولی 2022، ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی بڕی پێنج ملیۆن دینار وەکو بەخشین و بۆ یەک جار بۆ بنەماڵەی ئەو پزیشک و کارمەندە تەندروستییانەی لە کاتی دەوامی فەرمی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و بەو نەخۆشییە گیانیان لەدەستداوە، دەرکرد، کە ژمارەیان 89 پزیشک و کارمەندی تەندروستین.
 
لە سەرەتای ئاداری ساڵی 2020 بۆ یەکەمجار ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و عێراق بڵاوبووەوە، بەپێی ئامارەکانی حکومەتی کوردستان تاوەکو رۆژی 2ـی مانگی رابردوو 466 هەزار و 963 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و 7 هەزار و 468 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."