بەرپرسیار؛ بەشێک لە هاونیشتمانییان لە خزمەتگوازیی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە دهۆک ناڕازین
رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لەو هاونیشتمانییانەی دهۆک کە لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون یەکەیان کڕیوە یان لە کرێدان، گلەیی لە خراپیی کوالێتی و خزمەتگوزاریی نێو پڕۆژەکان دەکەن و دەڵێن، خەڵک هەبووە کاژێرێک لەنێو ئاسانسوار گیریخواردووە و کارەبا بڕاوە. بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی دهۆکیش دەڵێت، بەشێک لە کەموکوڕیی پڕۆژەکان دەگەڕێتەوە بۆ پابەندنەبوونی هاونیشتمانییان بە رێنماییەکانی حکومەت، هەر کەسێک مافی هەیە یەک یەکە لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون بکڕێت.
رۆژی سێشەممە، 18-01-2023، بەختیار عەبدولڕەحمان کە خاوەنی یەکەیەکە لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە سەنتەری پارێزگای دهۆک، لە بەرنامەی بەرپرسیار گوتی: "پڕۆژەکە بەپێی ئەو نەخشەیە جێبەجێ نەکراوە کە لەسەری رێککەوتبووین پێمانگوترا، شەش هەزار مەتر سەوزاییە، 148 مەتر باڵەخانەیە، گەراجی ژێر باڵەخانە دروستنەکراوە، رێگەوبان خراپە، ئەسانسوار خراپە و کەس هەبووە کاژێرێک لەنێو ئەسانسوار گیریخواردووە و بەڵگە و ڤیدیۆشم لایە، مارکێتی تێدا نییە، نزیکەی 15 ساڵە ئەو پڕۆژەیە تەواو نەبووە، دەرگە و پەنجەرەی تێکچووە."
ئەو هاونیشتمانییە کە یەکەکەی بە 90 هەزار دۆلار کڕیوە دەڵێت: "ئێستا ئەگەر بیفرۆشم تەنیا 30 هەزار بۆ 35 هەزار دۆلار دەکات". دەشڵێت، سکاڵایان لای پارێزگاری دهۆک تۆمارکردووە و لیژنە پێکهێنراوە و وەبەرهێنەر دراوەتە دادگە.
بەختیار ئاماژەی بە "کەموکوڕی"ـەکانی دیکەی پڕۆژەکە دا و گوتی: "زبڵ و خاشاک کۆناکرێتەوە، بۆنی ئاوەڕۆکان دێت و مارکێتی تێدا نییە". ئەو پێیوایە یەکەکان هێندە خراپن، تەنانەت کرێچیش پێی رازی نین.
ئەو هاونیشتمانییە گوتی کە لە دادگە سکاڵایان لەسەر خاوەنی پڕۆژەکە تۆمارکردووە، بەڵام بە گوتەی خۆی، هەر دەستی دەستییان پێدەکرێت. هەروەها دەڵێت، چەندینجار بۆ ئەو کێشانە سەردانی وەبەرهێنانی دهۆکیان کردووە، بەڵام وەڵامیان نادەنەوە.
عیسمەت محەممەد، بەڕێوەبەری بەشی خزمەتگوزاری لە کۆمپانیای کایار لە بەرنامەی بەرپرسیار، کێشەی سەرەکیی کۆمپانیاکەی بۆ "ئاو، کارەبا و رێگە' گەڕاندەوە و گوتی، بەپێی یاسای وەبەرهێنان، تاوەکو ئێستا حکومەت ئاو، هێڵی کارەبا و رێگەی بۆ دهۆک سیتی2 و 3 نەکردووە.
بە گوتەی عیسمەت محەممەد، ئەو پارەیەی لە دابینکردنی خزمەتگوزاری وەریدەگرن، زۆر زیاترە لەو پارەیەی بە ناوی خزمەتگوزاری وەریدەگرن.
عیسمەت محەممەد دەشڵێت: "تەنیا لە ساڵێک و حەوت مانگدا بۆ یەک پڕۆژەی نیشتەجێبوون بایی زیاتر لە 157 هەزار دۆلار ئاومان دابینکردووە. تەنیا لە مانگی 10ی سالی 2022 داهاتی خزمەتگوزارییەکان 6 ملیۆن و 866 هەزار و 500 دینار بووە. هەر لە هەمان مانگدا بە بەهای زیاتر لە 16 ملیۆن دینار ئاومان بۆ پڕۆژەکە کڕیوە."
بەڕیوەبەری بەشی خزمەتگوزاریی ئەو کۆمپانیایە رەتیدەکاتەوە خزمەتگوزارییەکانی نێو پڕۆژەکانیان خراپ بێت "وەک ئەو خەڵکە باسی دەکەن" و گوتی: "خاشاکی دەوروبەری پڕۆژە ئەرکی کۆمپانیا نییە، لەنێو پڕۆژەدا خاشاک لەلایەن کۆمپانیاوە دوو رۆژ جارێک هەڵدەگیرێت و هیچ خاشاکێک کۆنەبووەتەوە، کێشەی ئەسانسواریش بۆ کێشەی کارەبا دەگەڕێتەوە".
"هەندێک کەس هاتوونەتە نێو وەبەرهێنان، وەبەرهێنەر نین"
کوردۆ ئیحسان، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی دهۆک لە بەرنامەی بەرپرسیار؛ هەبوونی کێشەی لە پڕۆژەکان پشتڕاستکردەوە و هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ "نەبوونی شارەزایەکی سەرکەوتوو لەو بوارە و کەموکوڕییەکانی یاسای وەبەرهێنان."
کوردۆ ئیحسان گوتی: "بەشێک لەوانەی هاتوونەتە نێو وەبەرهێنان، وەبەرهێنەر نین، بەدواداچوون و سەرپەرشتیکردن وەک پێویست نەبووە، رێنماییەکان لەسەر نرخ و کوالێتیی یەکەکان، هۆشیاریی هاووڵاتی، هۆکارن بۆ ئەوەی کە بەشێک لەو پڕۆژانە وەک پێویست جێبەجێ نەکراون."
بەگوتەی کوردۆ ئیحسان، وەبەرهێنەر و هاونیشتمانی "وەک پێویست پابەندی رێنماییەکانی حکومەت نەبوون".
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی دهۆک باس لە چارەسەرکردنی کێشەکانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون کرد و گوتی: "پێویستە حکومەت وەبەرهێنەران پابەند بکات وەک ئەو مۆڵەتەی کە پێیدراوە پڕۆژەکان جێبەجێ بکات، ئەگەر هەر هاونیشتمانییەک بینی یەکەکەی نەخشەکە جێبەجێ نەکراوە دەتوانێت لە دادگە سکاڵا تۆماربکات. لام سەیرە دەڵێن؛ دادگە سکاڵاکان بەڕێوەنابات، خۆزگە نوێنەرێکی دادگەش لێرە دەبوو."
"هەر هاونیشتمانییەک مافی کڕینی یەک یەکەی لە پڕۆژەیەک هەیە"
کوردۆ ئیحسان گوتی، "گلەیی و داخوازییەکانی خاوەن یەکەکانمان وەرگرتووە و پێمانڕاگەیاندوون کە رێکارەکانی حکومەت بە قۆناخ جێبەجێ دەبن، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان چەند رێکارێک دەگرنەبەر وەک وەرگرتنی بەڵیننامە لە وەبەرهێنەر تاوەکو دوایین قۆناخ کە دادگەیە."
رێنماییەکانی وەبەرهێنان دەڵێت، هەر هاونیشتمانییەک مافی هەیە یەک یەکە لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون بکڕێت. بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی دهۆک دەڵێت: "پێدانی پارەی کاش بە وەبەرهێنەری پڕۆژە پێچەوانەی رێنماییەکانی وەبەرهێنانە و هاونیشتمانی دەبێت قیست بدات، هاونیشتمانی دەبێت پارەی پڕۆژە رادەستی ژمارەی بانکیی پڕۆژە بکات."
ساڵی رابردوو 43 مۆڵەتی پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە سەنتەری پارێزگای دهۆک دراون. بە گوتەی کوردۆ ئیحسان، لەسەر خراپیی کوالێتی و جێبەجێنەکردنی تەواوی نەخشەی پڕۆژە، بەشێک لە بەڵێندەر و کۆمپانیا لەلایەن وەبەرهێنانەوە دراونەتە دادگە.