رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ئەوان وەکو فراکسیۆنی پارتی ئامادەبوون پشووی زستانە وەرنەگرن و دانیشتنەکانی پەرلەمان لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان ئامادە نەبوو دانیشتن رێکبخات، چونکە دەبوو رەزامەندیی حیزبەکەی وەربگرێت کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیش دەڵێت، بەهۆی کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، دانیشتنی نائاسایی نەکراوە بۆ دەنگدان لەسەر گۆڕانکارییەکانی حکومەت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18-1-2023، زێدان رەشید، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "بڕیاربوو دانیشتنێکی نائاسایی بکرێت بۆ دەنگدان لەسەر وەزیرە نوێیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام کێشەکانی یەکێتی و پارتی رەنگدانەوەی لە پەرلەمانی کوردستانیش هەیە". دەشڵێت، "تاوەکو پارتی و یەکێتی کۆنەبنەوە و ئەنجامێکی نەبێت، لەو باوەڕەدا نیم کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێت."
هاوکات زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی گوت، بەهۆی وەرگرتنی پشووی زستانە و کێشەکانی پارتی و یەکێتی، کۆبوونەوەکانی پەرلەمان نەکراون.
بەڵام پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی گوت، پارتی ئامادەیە لەگەڵ یەکێتی کۆببێتەوە و کێشەکان یەکلایی بکەنەوە، "ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی یەکێتییە، هەرکاتێک بیانەوێت پارتی ئامادەیە بۆ کۆبوونەوە".
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، سەرەڕای ئاڵۆزیی پەیوەندییەکانیان، پارتی و یەکێتی لەسەر گۆڕانکارییەکانی نێو حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتوون، بەڵام یەکێتی چاوەڕێی رێککەوتنی یەکلاکەرەوە بۆ بەشداریکردنی تیمەکەی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان؛ ئەحمەد عەسکەری، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی وەکو وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق لە شوێنی خالید شوانی دەستنیشانکردووە کە ئێستا وەزیری دادی عێراقە.
هەروەها رێباز بێرکۆتی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر وەکو وەزیری پێشمەرگە لە شوێنی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە دەستنیشانکراوە. هاوکات سەرکەوت حەسەن، ناسراو بە سەرکەوتی کوبە کە ئێستا راوێژکاری سەربازی و ئەمنیی بافڵ تاڵەبانییە، دەبێتە بریکاری وەزیری ناوخۆ لە شوێنی چەتۆ ساڵح.
گۆڕانکارییەکانی پارتیش بەمشێوەیەن: زانا مەلا خالید، سەرۆکی ئێستای فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، شوێنی هێمن هەورامی دەگرێتەوە و دەبێتە جێگری سەرۆکی پەرلەمان؛ رێبوار بابکەیی، ئەندامی پەرلەمان لە شوێنی زانا مەلا خالید دەبێتە سەرۆکی فراکسیۆن. لەنێو حکومەتیش، ئەحمەد کانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی لە شوێنی پشتیوان سادق دەبێتە وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی. رووداو زانیویەتی کە یەکێتی رازیبووە بەوەی فراکسیۆنەکەی دەنگ بە شوێنگرەوەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بدات، هەروەها دەنگ بە شوێنگرەوەی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی بدات کە هەردووکیان لە پشکی پارتین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ