رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی نوێی لقی 3ـی کەرکووکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ نێو شاری کەرکووک.
رۆژی چوارشەممە 18-1-2023، محەممەد کەمال، بەرپرسی نوێی لقی 3ـی کەرکووکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتێکی فەرمییە لەسەر ئاستی عێراق. بارەگای لە بەغدای پایتەختی عێراق هەیە. تەنانەت لە نەجەف بارەگای ناوچەمان هەیە و پارتێکی رێگەپێدراوە. ئەوەی لە کەرکووک دۆخێکی تایبەت بوو بەهۆی رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە، پارتی ئەم دۆخەی پێ قبووڵ نەبوو و دەرچوو لە کەرکووک."
رۆژی سێشەممە، 17ـى کانوونى دووەمى 2023، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کۆبووەوە و بەگوێرەى راگەیێندراوى نووسینگەى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆبوونەوەکە جەختى لەوە کردەوە کە پێویستە لەوە دڵنیا ببنەوە ئەو پارتە سیاسییانەى لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان تۆمارکراون، دەتوانن چالاکییە یاسایی و دەستورییەکان لە هەرێمی کوردستان و سەرجەم پارێزگاکان راپەڕێنن.
لەبارەی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک، محەممەد کەمال گوتی: "بێگومان پارتی دەگەڕێتەوە بۆ کەرکووک، بەڵام دەبێت بەشێوەیەک بگەڕێتەوە لە ئاستی داواکاریی خەڵکی کەرکووکدا بێت، نەک بەبێ دەسەڵاتی بگەڕێتەوە. لەسەر گەڕانەوەی پارتی و کردنەوەی بارەگای فەرمی لە کەرکووک و موسڵ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەکراوە."
ئەو بەرپرسەی پارتی دووپاتیکردەوە: "پەنا بەخوا لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا بارەگای پارتی دەگەڕێتەوە بۆ نێو شاری کەرکووک و موسڵ و شوێنەکانی دیکە کە بەجێی هێشتوون،" هاوکات گوتیشی، "ناتوانم کاتەکە دیاری بکەم، بەڵام دڵنیام پارتی دەگەڕێتەوە. پێموایە دانانی منیش بە بەرپرسی لقی کەرکووکی پارتی، نزیکە لەو بابەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ