لە ساڵێکدا نزیکەی 22 هەزار تۆن کەلوپەل لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل گەڕێندراوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل دەڵێت: "ساڵی رابردوو نزیکەی 22 هەزار تۆن کەلوپەل و کەرەستەی جۆراوجۆر لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل گەڕێندراوەتەوە."
رۆژی چوارشەممە 18-1-2023، کامی کەمال، گوتەبێژی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە 1-1-2022 تاوەکو 31-12-2022، 21 هەزار و 710 تۆن کەرەستە و کەلوپەلی جۆراوجۆر له تاقیگه و لیژنە پەیوەندیدارەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل پەسندنەکراون."
بە گوتەی گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل، ئەو کاڵا و کەرەستانەی پەسندنەکراون بەشێکیان گەڕێندراونەتەوە و بەشێکیشیان لەنێوبراون.
کامی کەمال گوتیشی: "ئەو کاڵا و کەرەستانە جۆراوجۆر بوون؛ کەرەستەی بیناسازیی، تەندروستی، ڤێتێرنەری، خواردن و خواردنەوە و جوانکاری."
گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل لەبارەی گەڕاندنەوەی ئەو کاڵا و پێداویستییانە گوتی: "لەگەڵ رێنماییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەگونجاون. بۆ نموونە، بەشێکیان پێویست بوو کاتی بەسەرچوونیان ساڵێک بێت، بەڵام شەش مانگ بوو، واتا بەگوێرەی رێنماییەکان نەبوون."