رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی خوێندنی کوردی لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایدەگەیێنێت، نزیکەی 17 هەزار و 500 مامۆستا و فەرمانبەری خوێندنی کوردی راژەکانیان لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەگوازرێتەوە بۆ سەر راژەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق. دەشڵێت، "پڕۆگرامی خوێندنیش، بەپێی پڕۆگرامی وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەبێت، نەک پڕۆگرامی خوێندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان."
رۆژی چوارشەممە 17-01-2023، سەنا هیدایەت گەرمیانی، بەڕێوەبەری گشتیی خوێندنی کوردی لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پاڵپشت بە کارنامەی حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، لیژنەیەکی سێ کەسی لەبارەی گواستنەوەی میلاکی مامۆستا و کارمەندانی قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە.
بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، ئەمڕۆ چوارشەممە نووسراوی فەرمی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەکانی کەرکووک، نەینەوا، سەلاحەدین و دیالە دەکەن بۆ ئەوەی بزانن بە دروستی پێویستیان بە چەند میلاک هەیە.
لیژنەکە لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە فەرمانی وەزاریی ژمارە 766 لە 26-12-2022 پێکهاتووە و سەنا هیدایەت حوسێن گەرمیانی، بەڕێوەبەری گشتی خوێندنی کوردی سەرۆکایەتیی دەکات. ئەندامییەتی لیژنەکەش بە هەریەک لە فورقان مەحموود رەجەب، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی خوێندنی گشتی و ئەهلی و بیانی و موسەننا عەلی حوسێن، بەڕێوەبەری بەشی ئامار لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پلانی پەروەردەیی.
سەنا گەرمیانی ئاماژەی بەوەکرد، "چاوەڕوان دەکرێت نزیکەی 17 هەزار و 500 مامۆستا و کارمەند و کارگوزار لەسەر میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوچە جێناکۆکەکان بگوازرێنەوە سەر میلاکی خوێندنی کوردی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عێراق. ئەوانەشی میلاکیان دەگوزارێتەوە، پێویستە کارتی زانیارییان سەر بە ناوچە دابڕاوەکان بێت."
لەبارەی ئەوەی ئایا پڕۆگرامی خوێندن چۆن دەبێت، هەمان پڕۆگرامی خوێندنی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت، بەڕێوەبەری گشتیی خوێندنی کوردی لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، "بەپێی پڕۆگرامی وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەبێت، نەک پڕۆگرامی خوێندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەمە رەنگە چەند ساڵێکی دیکە جێبەجێبکرێت."
ئەو بەڕێوەبەرە پێشبینی دەکات لە ماوەی نزیکەی هەشت مانگی دیکەدا کارەکانی لیژنەکەیان تەواو ببێت، ئەوەش بەمەبەستی جێبەجێکردنی ئەو بڕگەیە لە کارنامەی وەزاریی حکومەتی نوێی عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ