رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی رایدەگەیێنێت رۆژی چوارشەممە و پێنجشەممەی داهاتوو لە سێ ناحیە و ئیدارەی گەرمیان دابەشکردنی نەوت دەستپێدەکاتەوە.
محەممەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "رۆژی چوارشەممە 18ی کانوونی دووەمی 2022 لە سنووری ناحیەکانی ژاراوە و خدران و خەلەکان دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکەین بەسەر هاووڵاتییان و بۆ هەر خێزانێک بڕی 200 لیتر بە 55 پەنجا و پێنج هەزار دینار دەبێت".
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی راشیگەیاند، "لە رۆژی پێنجشەممەوە 20ی کانوونی دووەمی 2022 رۆژانە 5 تانکەر نەوتی عێراقیمان بۆ دێت کە دەکاتە 180 هەزار لیتر لە رۆژێکدا و لە سنووری ئیدارەی گەرمیان دابەشیدەکەین کە بۆ هەر خێزانێک 200 لیتر بەنرخی 90 هەزار دینار دەبێت".
لەبارەی وادەی دابەشکردنی نەوتی سپی لەناو سەنتەری شار بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی گوتی، سەرەتا لە ناوچە ساردەکان نەوت دابەشدەکرێت، دواتریش بەشی دووەمی دابەشکرنی نەوت لەناو سەنتەری شاری سلێمانی دەبێت.
محەممەد حەسیب راشیدەگەیێنێت، "لە سنووری پارێزگای سلێمانی تا ئێستا لە نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 18 ملیۆن لیتر نەوتمان دابەشکردووە، ئەمە جیا لەو نەوتەی لەم هەفتەیە دابەشی دەکەین".
بەپێی زانیارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پارێزگای سلێمانی پێویستیی به (91.749.000) لیتر ههیه، تاوەكو 6ی کانوونی دووەمی 2022، بڕی (17.172.985) لیتر دابینکراوە و لهو بڕهش (8.044.000) لیتر بهسهر ناوچه شاخاوییهكانی پێنجوێن، قهڵادزێ، هێرۆ، ههڵشۆ، شارباژێڕ، قهرهداغ و دووكان دابهشكراوه و ( 6.826.000) لیتر له سهنتهری شار و (1.852.000) لیتر له ناوچه شاخاوییهكانی ههڵهبجەش دابهشکراوه.
رۆژی 16 کانونی دووەمی 2022 رێبوار بابکەیی، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە رادیۆی رووداوی گوت، "تاوەکو پێش سەری ساڵ 45 ملیۆن لیتر نەوتی سپی لە هەرێمی کوردستان دابەش کرابوو، بەڵام ئێستا رێژەکە نزیک بووەتەوە لە 60 ملیۆن لیتر".
بەپێی خشتەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ههر خێزانێك بڕی 200 لیتر نەوتی سپی پێ دهدرێت به نرخی 55 ههزار دینار و کە ئەو بڕە نەوتەش لەلایەن حكومهتی ههرێمی كوردستانەوە دابین دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ