دوو کۆمەڵە لێکترازان و یەکدی تۆمەتبار دەکەن

18-01-2022
ناسر پیرۆتی
کۆنگرەی 18ی کۆمەڵە
کۆنگرەی 18ی کۆمەڵە
نیشانەکردن کۆمەڵە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کێشە ناوخۆییەکانی دوو رەوتی نێو کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران تەقینەوە و هەر دوو لایەنەکە دەڵێن، لایەنەکەی دیکە لێیان جیابووەتەوە.
 
لایەنێکیان بە ناوی زۆرینەی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و لایەنەکەی دیکەشیان بە ناوی رێبەریی کۆمەڵە-رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیست راگەیێندراویان بڵاوکردەوە و دەڵێن، جیابوونەوە لەو حیزبە روویداوە.
 
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران 20 ئەندامی سەرکردایەتی هەیە. 15 ئەندامیان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێن، 5 ئەندامەکەی دیکەی کۆمیتەی ناوەندیی لەو حیزبە جیابوونەتەوە. ئەوان لایەنی بەرامبەریان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی حیزبی کۆمۆنیستیان داوە و لە بنەما فکری و سیاسییەکانی ئەو حیزبە دوورکەوتوونەتەوە. دەشڵێن، بە ناوی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران درێژە بە چالاکییەکانیان دەدەن و بنکەکانیان و هێزی چەکداریان لە باشووری کوردستان دەپارێزن.
 
لە بەرامبەردا، کۆمەڵە- رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ژمارەیەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیست لەو حیزبە جیابوونەتەوە و سەرەڕای ئەوەی ئەو جیابوونەوەیە بەپێویست نازانێت، بەڵام بە فەرمی دەناسێت. دەشڵێت، جیابوونەوەی ئەو کەسانە کاریگەری لەسەر چالاکییەکانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیست نابێت.
 
کۆمەڵە ساڵی 1969 لەنێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراوە. لە 1983 حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانی دروستکرد و کۆمەڵە کرایە رێکخراوی کوردستانی ئەو حیزبە. هەردوو حیزبەکە پێکەوەن و ئەندام و لایەنگرانیان لێک جیانین و ژمارەیەک لە ئەندامانی رێبەریشیان هاوبەشن. 
 
ئیبراهیم عەلیزادە، سکرتێری یەکەمی کۆمەڵە، رێبەری رەوتێکیان دەکات و سەلاح مازوجی، سکرتێری دەستەی کارگێڕی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران رێبەری رەوتەکەی دیکە دەکات.
 
چەند ساڵە ئەو دوو لایەنە کێشە و ناکۆکییان پێکەوە هەیە. تەواوی ئەندامانی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی 18یەمی کۆمەڵە کە لە رۆژانی رابردوودا بەڕێوەچوو لەگەڵ ئیبراهیم عەلیزادە دان. سەلاح مازوجی، سکرتێری دەستەی کارگێڕی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانیش 75٪ی رێبەریی ئەو حیزبەی لەگەڵدایە. هەر دوو لایەن دەڵێن، زۆرینەن و زۆربەی ئەندام و لایەنگرانی حیزبی کۆمۆنیست و کۆمەڵەیان لەگەڵدایە.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە بەرپرسانی هەردوو لایەنەکە وەریگرتووە، ئەندامانی دوو رەوتەکە هەروا پێکەوە لە بارەگای سەرکردایەتیی کۆمەڵە- رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندان و لێک جیا نەبوونەتەوە. هەر لایەنێک داوایکردووە، لایەنەکەی دیکە بارەگاکە جێبهێڵێت. بڕیاریانداوە بە دانوستاندن کێشەکە پێکەوە چارەسەر بکەن و بۆ ئەو مەبەستە ژمارەیەک ئەندامی سەرکردایەتی و کادیری دێرینی حیزبەکە لە ئەوروپاوە گەڕاونەتەوە کوردستان. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دراوی عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

حکومەتی عێراق بە مەرج مووچەى هێزە ئەمنییەکانى ناردووە

بەگوێرەى بڕیارى ناردنى مووچەى دوو مانگى هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان، هەر تێبینییەک لەلایەن دیوانى چاودێریى دارایی عێراقەوە لەسەر لیستەکە هەبێت، دەبێت حکومەتى هەرێمى کوردستان چارەسەرى بکات. پەرلەمانتارێکى عێراق دەڵێت، "ئەگەر ئەو تێبینییانە چارەسەر نەکرێن، بۆ مانگى داهاتوو کێشە دروست دەبێتەوە."