لە هەڵشۆ 450 سەر مەڕ و بزنی قاچاخ بە رەنووی بەفر مرداربوون
رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری نێوان رۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان و نزیک شارۆچکەی هەڵشۆ 481 سەر مەڕ و بزن بەر رەنووی بەفر کەوتن بەهۆیەوە 450 سەر مرداربوون و 31 سەر مەڕ و بزنیش رزگارکران.
رووداوەکە رۆژی دووشەممە 17-1-2022 روویداوە. بەکر وەیسی، بەڕێوەبەری ناحیەی هەڵشۆ لە سنووری قەزای پشدەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو مەڕ و بزنانە کە ژمارەیان 481 سەر بووە، لەلایەن 7 شوانەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە قاچاخ داخڵی سنووری باشووری کوردستان کراون و بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر سەرجەم مەڕ و بزنەکان بەر رەنووی بەفر کەوتوون."
بەڕێوەبەری ناحیەی هەڵشۆ دەڵێت،" 450 سەر مەڕ و بزن بەهۆی رەنووی بەفرەوە لە سنوورەکانی نزیک هەڵشۆ مرداربوون و توانراوە لەلایەن شوانەکانیشەوە 31 سەر رزگار بکرێن و ئێستا لە باشووری کوردستانن."
بە گوتەی بەکر وەیسی ئەو مەڕ و بزنانە بەشێوەیەکی قاچاخ لە گوندەکانی بێوران، وردە و بنەخەڵەف هاتوونەتە سنووری ناحیەی هەڵشۆ.
لە سنووری ناحیەی هەڵشۆی قەزای پشدەر تاوەکو ئێستا نزیکەی 30 سانتیمەتر بەفر باریوە و بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت، رێگەی زۆربەی زۆری گوندەکان داخراون و تیمەکانیان سەرقاڵی پاککردنەوەی رێگەکەن.
لە دوو رۆژی رابردووشدا بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر لە چیای خۆشکی زنجیرە چیای بەمۆ لە سنووری شارۆچکەی مەیدانی ئیدارەی گەرمیان چوار شوان و 400 سەر مەڕ لەسەر چیای خۆشک گیریانخواردبوو، بەیانیی رۆژی دووشەممە بەشێک لە مەڕەکان رزگارکران.
لە دوو رۆژی رابردووشدا بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر لە چیای خۆشکی زنجیرە چیای بەمۆ لە سنووری شارۆچکەی مەیدانی ئیدارەی گەرمیان چوار شوان و 400 سەر مەڕ لەسەر چیای خۆشک گیریانخواردبوو، بەیانیی رۆژی دووشەممە بەشێک لە مەڕەکان رزگارکران.