بەشێکی پارەی مووچەی مانگی 11 گەیشت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەغدا 631 ملیار و 335 ملیۆن دیناری بۆ مووچەی مانگی 11ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتەکەیان.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ لە لایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیەوە بڕی 631 ملیار و 335 ملیۆن دینار لە کۆی تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی دووەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق".
 
ئەمە لەکاتێکدایە، لە پاش نزیکەی دوو مانگ، لە ئەمڕۆ سێشەممەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کراوە.
 
رۆژی 15ى کانوونى یەکەمى 2024، شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى دارایی فیدراڵ رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنى رێکارەکان بۆ ناردنى پارەى مووچەى مانگى تشرینى دووەمى ئەم ساڵ.
 
بەپێى رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت لە 10 رۆژدا تێبینییەکان لە بارەى لیستى مووچە چارەسەر بکرێن، ئەو 10 رۆژە لە 15ى کانوونى یەکەم دەستیپێکردووە.
 
ئەم ساڵ بە پێنج گوژمە وەزارەتى دارایی و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان 399 ملیار و 268 ملیۆن و 970 هەزار دیناری وەک داهاتى نانەوتى رادەستى وەزارەتى دارایی فیدراڵ کردووە، دوایین گوژمە کە نێردراوە داهاتى مانگى حوزەیران بووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە